عێراق: پابەندییەکانمان بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی تەواوکردوون

28-02-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بازرگانیی عێراق دەڵێت، هەموو رێکارەکانیان بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی تەواوکردوون و پێش بەئەندامبوونەکەش، بۆ سوودوەرگرتن لەو رێکخراوە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کۆدەبنەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-02-2024، ئەسیر داود غورەیری، وەزیری بازرگانیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی ئیماراتیی راگەیاند، عێراق پابەند بووە بە رێکارە پێویستەکان بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی (WTO)، ئەوەش دوای تەواوکردنی چاکسازییە ئابوورییەکان و پەرەپێدانی کەشی وەبەرهێنان.
 
غورەیری بە ئاژانسەکەی گوتووە، بەغدا ئەو پرسانەی تەواوکردوون و کۆتایی پێهێناون، کە پەیوەستن بە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، ئەوەش هاوکات لەگەڵ وادەی کۆتایی، کە بۆ پەیوەستبوون بە سیستمی بازرگانیی نێودەوڵەتی دانراوە.
 
گوتەکانی ئەسیر غورەیری لەکاتی بەشداریکردنی دێت لە 13ـەمین کۆنگرەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی کە لە شاری ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات بەڕێوەدەچێت.
 
حکومەتی عێراق دەیەوێت ببێتە ئەندامی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی و بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵی 2024 داواکاریی پێشکێش کردووە. عێراق مەبەستیەتی لە رێگەی ئەندامبوون لە رێکخراوەکە، رۆڵی خۆی لە ئابووریی جیهان زیادبکات.
 
غورەیری باسی لەوەشکردووە، بەر لە چوونە نێو رێکخراوی بازرگانیی جیهانی، کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی رێکدەخەن لەبارەی ئەوەی چۆن سوود لە لایەنە ئەرێنییەکانی بەئەندامبوون لەو رێکخراوە ببینن.
 
ئەو وەزیرە عێراقییە گوتیشی، وڵاتەکەی بە مەبەستی دروستکردنی دەرفەتی نوێی هاوئاهەنگی، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان فراوان دەکات.
 
WTO تاکە رێکخراوی نێودەوڵەتییە کە یاسا بازرگانییەکانی نێوان وڵاتان رێکدەخات. رێکخراوەکە لە 1ـی کانوونی دووەمی 1995 دامەزراوە و بارەگا سەرەکییەکەی لە شاری جنێڤە لە سویسرا.
 
ئامانجی رێکخراوەکە، وەک لە کارنامەکەیدا هاتووە، هاوکاریکردنی وڵاتانە لە کارئاسانیی بۆ رێککەوتن و پرۆسەی بازرگانی. هەروەها دەبێتە سەکۆیەک بۆ ئەندامانی بۆ گفتوگۆی رێککەوتنی بازرگانی و چارەسەرکردنی کێشە بازرگانییەکانی نێوانیان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سوودانی و پارێزگاری نەینەوا

سوودانی گەیشتە نەینەوا

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە پارێزگای نەینەوا. ژمارەیەک پڕۆژە دەکاتەوە و لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکەش کۆدەبێتەوە.