هەولێر ـ رووداو
وەزارەتی كارەبای عێراق رایگەیاند، ئێران بڕی هەناردەی گازی بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە عێراق كەمكردووەتەوە. ئەوەش بووەتە مایەی ئەوەی کارەبای پێنج پارێزگای عێراق کەمببێتەوە.
ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق رایگەیاند، "كەمكردنەوەی بڕی هەناردەی گاز لەلایەن ئێرانەوە كێشەی كەمبوونەوەی كارەبای لە پارێزگاكانی بەغدا، بابل، كەربەلا، نەجەف و دیوانیە دروستكردووە، چونكە ئێستا ئێران لە كۆی 25 ملیۆن پێ سێجا كە پێشتر لەسەری رێككەوتبووین، تەنیا سێ ملیۆن پێ سێجا گاز هەناردەی عێراق دەكات".
شانەی قەیرانەکان بە ئامادەبوونی وەزیری کارەبا و راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە، وەزارەتەکانی نەوت و دارایی کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی سەرچاوەی سووتەمەنیی جێگرەوە و پڕکردنەوەی ئەو کەمبوونەوەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "یەكێك لە رێكارەكانی چارەسەركردنی كێشەی دابینكردنی سووتەمەنیی ئامادەكراو بۆ وێستگەكانی كارەبا ئەوەیە ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی نەوت سەرپشك بكات بۆ پەسندكردنی جێبەجێکردنی قۆناخی پێنجەمی مۆڵەتەكانی پەیوەست بە پێشخستنی كێڵگە گازییەكانی عێراق، چونكە ئامادەكردنیان لە دابینكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا هاوكاردەبێت".
یەکێک لەو سزایانەی ئەمریکا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە، ئەوەیە کە نابێت وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بکەن و ئەوەش بووەتە هۆی بارگرانی بۆسەر ئێران.
ئەحمەد عەبادی ئەوەی خستەڕوو، "عێراق لە سزاكانی ئەمریكا بەسەر ئێراندا لەبارەی هاوردەكردنی كارەبا و گازەوە بەخشراوە، بەخشینەكەش چوار مانگ بەردەوام دەبێت، ئەگەریش هەیە بەهۆی پێویستیی عێراق بۆ كارەبا ماوەكە درێژ بكرێتەوە. سەرەڕای هاوردەكردنی گازی ئامادەكراو، وەزارەتی كارەبا هەزار و 200 مێگاوات كارەبا لە ئێران هاوردەدەكات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ