رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، ناوی بەربژێرەکانی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستە وەزارییەکان ئاشکرا دەکات و دەشڵێت، بەربژێری وەزارەتی نەوتیان گۆڕیوە.
رۆژی پێنجشەممە 27-10-2022، زرغام مالیکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا، کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ دەنگ بە کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی دەدرێت و تائێستاش 16 پۆستی وەزاری یەکلا بوونەتەوە و ئەمڕۆ دەنگیان لەسەر دەدرێت.
لەبارەی پۆستەکانی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە حکومەت، ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، پشکی دەوڵەتی یاسا سێ وەزارەتە، کە بریتین لە نەوت، کشتوکاڵ و لاوان و وەرزش. ناوی بەربژێرەکانیش بەم شێوەیە: حەیان سەواد بۆ وەزارەتی نەوت، عەباس مالیکی بۆ کشتوکاڵ و ئەحمەد موبەرقەع بۆ وەزارەتی لاوان و وەرزش.
تاوەکو دوێنێش دەوڵەتی یاسا لەیس شاهر-ی بۆ پۆستی وەزارەتی نەوت بەربژێر کردبوو، بەڵام دواتر گۆڕی. لەبارەی هۆکاری گۆڕینەکەی، زرغام مالیکی کە نوێنەری پارێزگای بەسرەیە ئەوەی خستەڕوو، "وەکو نوێنەرانی بەسرە، پێداگر بوون لەسەر ئەوەی کەسێکی خەڵکی بەسرە پۆستی وەزارەتی نەوت وەربگرێت، بەو پێیەی 85%ی سەرچاوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە بەسرەیە، بۆیە پێویستە وەزیری نەوت خەڵکی بەسرە بێت. لە ئەنجامدا دەوڵەتی یاسا بەربژێرەکەی گۆڕی و ئەندازیار حەیان سەواد کە خەڵکی بەسرەیە، لە شوێنی لەیس شاهر بەربژێریان کرد."
زرغام مالیکی گوتیشی، لەیس شاهر خەڵکی دەرەوەی پارێزگای بەسرە بوو، ئێستا یاریدەدەری کۆمپانیای نەوتی نیشتمانییە، تائێستا لە پۆستەکەی بەردەوامە، بۆیە هیچ کێشەیەک لەوبارەیەوە نییە.
دانیشتنەکەی رۆژی پێنجشەممە بەپێی نووسراوێکی پەرلەمانی عێراق کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆ دەستپێدەکات، دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە 25-10-2022 محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو داوای لە پەرلەمان کرد پێنجشەممەی بۆ دیاریبکرێت بۆ متمانەدان بە حکومەتەکەی کە حکومەتێکی بنکە فراوان دەبێت.
بەپێی دەستوور، ئەگەر سەرۆکوەزیران سەرکەوتوو نەبوو لە بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان، ئەوا سەرۆککۆمار لە ماوەی 15 رۆژدا کەسێکی دیکە بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێت، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە کابینەکەی سوودانی متمانەی پەرلەمان بەدەستدەهێنێت، چونکە حکومەتەکەی بنکە فراوانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ