ئەندامێکی فەتح: ئەگەر بایکۆت بکرێت رەنگە حکومەتی داهاتووی عێراق تەمەنی کورت بێت

27-01-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رەوتی سەدر سوورە لەسەر ئەوەی لەگەڵ پارتی و تەقەدووم و عەزمدا حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبهێنێت و وەکو جارەکانی دیکە هەموو لایەنەکان لە حکومەتدا بەشدار نەبن و ئەمجارە دژبەر هەبێت. چوارچێوەی هاوئاهەنگییش کە بەرەی رکابەری بەرەکەی رەوتی سەدرن باس لەوە دەکەن، ئەگەر لە حکومەتدا بەشدار نەبن رەنگە بایکۆتی پرۆسەی سیاسی بکەن. ئەندامێکی هاوپەیمانێتیی فەتحیش کە لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدان دەڵێت، ئەگەر بایکۆت بکرێت رەنگە حکومەتەکە تەمەنی کورت بێت.
 
مەحموود حەیانی، ئەندامی هاوپەیمانێتیی فەتح بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئەوەی ئێستا هەیە بەشێک لە پێکهاتەیەک پشتگوێ دەخرێت کە ئەمە لەباربردنی پرۆسەی سیاسییە. ئەگەر بایکۆت بکرێت یان لایەنێک ببێتە دژبەر، رەنگە حکومەتەکە تەمەنی کورت بێت".
 
دادگەی فیدراڵی یەکلایی کردەوە کە کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان یاسایی بووە و ئێستا تەنیا سکاڵایەک ماوە کە تایبەتە بە پرسی گەورەترین فراکسیۆن کە بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێردرێت.
 
ئەندامەکەی هاوپەیمانێتیی فەتح ئاماژەی بەوەش کرد، "بەبێ هیچ کێشەیەک بڕیارەکەی دادگە پەسند کرا. ئەوەی ئەمڕۆ هەیە بابەتی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی یاساییە کە ئەویش پێشینەی هەیە و لە ساڵی 2014دا شتێکی هاوشێوە روویداوە. ئەو کاتە گەورەترین فراکسیۆن بە لایەنێک درا، بەڵام دوای پێداچوونەوە دادگەی فیدراڵی لێی وەرگرتەوە و دای بە لایەنێکی دیکە. ئێستا ئەم سکاڵایە لای دادگە ماوەتەوە و چاوەڕێ دەکەین مانگی داهاتوو بڕیاری لەبارەوە بدات".
 
مەحموود حەیانی ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر ئەو سکاڵایەی گەورەترین فراکسیۆن دادگەی فیدراڵی یەکلایی بکاتەوە و بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێت، ئەوا چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێردرێت. ئەو کات چوارچێوە لە پێکهێنانی حکومەتدا هیچ لایەنێک دوورناخاتەوە و حکومەتێکی بەهێزیش دەبێت کە بتوانێت وڵات بەڕێوەببات.
 
مەحموود حەیانی پێیوایە، دەبوو لە دەستووردا پرسی گەورەترین فراکسیۆن یەکلایی بکرایەتەوە کە ئەو لایەنە بووایە لە هەڵبژاردندا زۆرترین دەنگ دەهێنێت.
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی فەتح، لە عێراقدا دیموکراسیەتی راستەقینە دروست نەبووە، چونکە دەستتێوەردان هەیە؛ هەندێک لایەنی سیاسی لایەنی دەرەکی دەست لە کاریان وەردەدەن، بۆیە ناکرێت حکومەتێک بەبێ سازانی هەموو لایەنەکان پێکبهێندرێت.
 
لە ناوەندەکانی هەواڵەوە باس لەوە دەکرێت گوایە موقتەدا سەدر و هادی عامری رێککەوتوون بەبێ بەشداریکردنی مالیکی حکومەتێک پێکبهێندرێت.
 
مەحموود حەیانی لەوبارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات، "تاوەکو ئێستا سەدر و عامری باسی ئەوەیان نەکردووە کە پێکەوە بەبێ مالیکی حکومەتێک پێکبهێنن. سەدر داوای کردووە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەبێ مالیکی بچنە حکومەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا چوارچێوە یەکگرتووە و لەسەر ئەو بابەتە رەزامەندیی نەداوە. چوارچێوە دەڵێت یان بەشداری دەکەین یان بایکۆت".
 
هاوکات لەبارەی رێککەوتنی نێوان رەوتی سەدر و لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە ئەندامەکەی فەتح دانی بەوەدا ناوە کە هەموو شتێکیش پێشبینیکراوە و سیاسەت شتێکی جێگیر نییە؛ سازان و لێکتێگەیشتنەکان کاریگەرییان لەسەری دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی واژۆکردنی گرێبەستەکە.

عێراق گرێبەستى کڕینى هەشت سەکۆى مووشەکى لەگەڵ کۆریاى باشوور واژۆ کرد

وەزارەتى بەرگریى عێراق گرێبەستى کڕینى هەشت سەکۆى مووشەکى بەرگریى ئاسمانی لە کۆمپانیایەکى کۆریاى باشوور واژۆ کرد، بە گوتەى جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمان، یەکەمجارە دواى ساڵی 1991 عێراق ئەو جۆرە مووشەکە بکڕێت.