نزیکەی 2.3 ملیۆن رەشپێست لە عێراق دەژین؛ 'بەچاوی کۆیلە تەماشا دەکرێن'

27-01-2024
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
خێزانێکی رەشپێست لە بەسرە.
خێزانێکی رەشپێست لە بەسرە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەی 2.3 ملیۆن رەشپێست لە تەواوی عێراق دەژین کە 900 هەزاریان لە قەزای زوبێری سەر بە پارێزگای بەسرەن؛ ئەوان دەڵێن هەست بە جیاکاری دەکەن و خەڵکی "بە چاوی کۆیلە" تەماشایان دەکەن و ئەو دەرفەتانەی بۆ سپیپێستەکان دەڕەخسێت، بۆ ئەوان ناڕەخسێت. 
 
ئەوان مرۆڤی ئاسایی و عێراقین، بەڵام نامۆ و دوورخراون لە کۆمەڵگەی عێراقی؛ لە ماڵی فەخریە عەبدوڵلای تەمەن 56 ساڵین لە قەزای زوبێر. یەکێک لە هەزاران ماڵە رەشپێستەکانی عێراقی، بەڵام خۆیان گوتەنی، بەختیشیان وەک پێستیان رەشە. لە 7 منداڵی چواریانی کوڕن، بەڵام بەهۆی بێڕێزی و جیاکاری وازیان لە خوێندن هێناوە و بۆ کاریش کێشەیان هەیە.
 
فەخریە عەبدوڵلا دەڵێت، "سپی پێستەکان زۆر بە گەورەیی و خۆشی دەژین، بەڵام ئێمە بەپێچەوانەوە لەئاستێکی زۆر نزم ژیان بەسەر دەبەین، جیاکاری زۆر زۆر دەکرێت لەنێوانمان، زۆر بەڕوونی دیارە."
 
نوێنەرانیان دەڵێن لە سەدەی 21 دا، هێشتاش لەسەر خاکی خۆیان بێگانەن و بەرەوڕووی هەڵاواردن و جیاکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دەبنەوە.
 
زەینەب کەرەملی، گوتەبێژی رەشپێستەکان دەڵێت، "داوا لە حکومەتی فدراڵیی عێراق دەکەم کەوا دانمان پێدابنێت وەک کەمینەکانی عێراق و بەو چاوە سەیرمان بکات کەوا بەشێک بین لە کەمینەکان وەک چۆن لە یاسای هاووڵاتیبوون هاتووە، هەروەها دادپەروەری هەبێت لەنێو گەلانی عێراق بەتایبەت رۆڵەکانی بەسرە."
 
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی رەشپێستەکان، ژمارەیان لە عێراق زیاتر لە دوو ملیۆن و  300 هەزار کەسە و نزیکەی 900 هەزاریان لە قەزای زوبێر دەژین.
 
حوسێن دینار، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی زوبێر باس لەوە دەکات، "کۆمەڵگە خۆی بەچاوی کۆیلاتییەوە سەیری رەشپێستەکان دەکات و پێیان دەڵێن کۆیلە، ئەمە لەژینگە و ماڵێک پەروەردە دەکرێن و وا فێریان دەکەن کە هەموو رەشپێستێک کۆیلەیە."
 
دوای زوبێر کە بە پایتەختی رەشپێستەکانی عێراق دەناسرێت، بەشێکی بەرچاویان لە باشووری عێراق بەتایبەت شارەکانی ناسریە، کوت و سەماوە دەژین.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک ئاماژەیە بۆ جیابوونەوە

لە 8 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 48 هەزار هاوژین لە عێراق جیابوونەتەوە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، مانگی رابردوو زیاتر لە 16 هەزار 600 گرێبەستی هاوسەرگیری کراون و زیاتر لە 5 هەزار و 400 جیابوونەوەش هەبووە. لە 8 مانگی رابردووشدا زیاتر لە 200 هەزار هاوسەرگیری و 48 هەزار جیابوونەوە تۆمار کراون.