رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، رۆژی چوارشەممە داواکارییەک پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکەن بۆئەوەی پەرلەمان رۆژی پێنجشەممە بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی کۆببێتەوە.
عەقیل فەتلاوی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، رۆژی سێشەممە، 25-10-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی چوارشەممە چوارچێوەی هاوئاهەنگی داواکارییەک پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکەن و داوا دەکەن رۆژی پێنجشەممە، 27-10-2022، پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی دەنگدان بە کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی کۆببێتەوە.
هەروەها مەحموود قەیسی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی عەزمی سووننەکان رایگەیاند، چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاگاداریان کردوونەتەوە کە داوایەکی لەو جۆرە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن، بەڵام هێشتا لە لایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقەوە بۆ ئەو مەبەستە ئاگادارنەکراونەتەوە.
رووداو زانیویەتی بەربژێرانی ژمارەیەک لە پۆستە وەزارییەکان یەکلابووەتەوە و راوێژ و گفتوگۆش بۆ یەکلاکردنەوەی ئەوانی دیکە بەردەوامە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو دەستی کەوتوون، کورد چوار وەزارەتی بەردەکەوێت و یەکلابووەتەوە کە پۆستی وەرارەتی داد بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. ئەوە لە کاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەڕوانە سێ وەزارەت وەربگرێت کە بریتین لە وەزارەتەکانی دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزارەتی ژینگە. شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری ئەو پارتە لە پەرلەمانی عێراق رۆژی سێشەممە، 25-10-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دەکرێت فوئاد حوسێن لە پۆستی وەزارەتی دەرەوە بمێنێتەوە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، چوارچێوەی هاوئاهەنگی 12 وەزارەتی لە کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی دەبێت کە چواریان بۆ دەوڵەتی یاسا، چواریان بۆ فەتح دەبن و چوارەکەی دیکەش بۆ هێزەکانی دیکە دەبن. پۆستە وەزارییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەمانەن: وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی نەوت، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی کارەبا، وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی وەرزش و لاوان، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی پەیوەندییەکان.
رووداو زانیویەتی، عەبدولئەمیر شەمەری بۆ وەزارەتی ناوخۆ، هیام یاسری بۆ وەزارەتی پەیوەندییەکان، نەعیم عەبوودی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا، رەزاق محێبس بۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بەربژێر کراون.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەیس شاهر بۆ پۆستی وەزارەتی نەوت، ساڵح حەسناوی بۆ وەزارەتی تەندروستی، ئەحمەد ئەسەدی بۆ پۆستی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و تەیف سامی بۆ پۆستی وەزارەتی دارایی بەربژێرن.
ئەوەی کە پەیوەندی بە سوننەکانەوە هەیە، چاوەڕوان دەکرێت شەش وەزارەت وەربگرن کە چواریان بۆ هاوپەیمانیی سەروەری دەبن و دوو وەزارەتەکەی دیکە بۆ هاوپەیمانیی عەزم دەبن. چاوەڕوان دەکرێت ئەم وەزارەتانە بۆ سوننەکان بن: وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان، وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی رۆشنبیری.
رووداو زانیویەتی محەممەد تەمیمی بۆ پۆستی وەزارەتی پەروەردە و عەبدولخالق عزاوی بۆ وەزارەتی بازرگانی یەکلاکراونەتەوە و راوێژیش بەردەوامە بۆ ئەوەی بەربژێری پۆستە وەزارییەکانی دیکە دیاریی بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ