پارێزگارى سەڵاحەدین بەفەرمى لادراو و جێگرى یەکەمى شوێنەکەی گرتەوە

26-05-2022
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارى لادانى پارێزگارى سەڵاحەدین بە فەرمى لەلایەن ئەمیندارێتى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانەوە گەیشتە ئەو پارێزگایە و جێگرى یەکەمى پارێزگار بە وەکالەت لە شوێنەکەی دەستبەکاربوو، لەکاتێکدا پارێزگارى متمانەلێسەندراوى شارەکە بە گەشتێکی فەرمى لە بەریتانیایە.
 
بەگوێرەى نووسراوێکى فەرمى ئەمیندارێتى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، کە لە 24ى ئایار بۆ  پارێزگاى سەڵاحەدین نێردراوە، تێیدا هاوپێچى بڕیارى پەرلەمانى عێراقى لەگەڵدایە بۆ لەسەرکارلادانى عەمار جبوورى، پارێزگارى پێشووى ئەو شارە بەمەبەستى جێبەجێکردنى.
 
بەڕێوەبەرى یەکێک لە یەکە کارگێڕییەکانى سنوورى پارێزگاى سەڵاحەدەین کە نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند؛ ئەمڕۆ 25ى ئایارى 2022، ئیسماعیل هەلوب، جێگرى یەکەمى پارێزگارى سەڵاحەدین بە فەرمى جێگەى پارێزگارى پێشووى گرتەوە بەشێوەى وەکالەت و گوتى: "ئەمڕۆ مەراسیمێک لە باڵەخانەی پارێزگار رێکخرا بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە".
 
رۆژی 19ى ئایارى 2022، پەرلەمانى عێراق بە زۆرینەى دەنگ عەمار جبوورى لە پۆستى پارێزگارى سەڵاحەدین دوورخستەوە، 22ى ئایار پەرلەمانی عێراق نووسراوێکى فەرمى ناردووە بۆ وەزارەتى دادی عێراق بۆ ئەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوبکرێتەوە بەمەبەستى جێبەجێکردنى.
 
عەمار جبوورى، پارێزگارى سەڵاحەدین 19ى ئایارى 2022  کە هەمان رۆژى لەسەرکارلادانى بوو لە پۆستەکەى، فەرمانێکى کارگێڕى دەرکردووە، بە ئیفادکردنى خۆى بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەى بەهارەى ساڵانەى ئەنجوومەنى کارى بەریتانى – عێراقى لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا، لە 24 تاوەکو 29ى ئایار و عەمار حیکمەت، جێگرى پارێزگارى بۆ کاروبارى هونەریى راسپارد بە وەکالەت پۆستى پارێزگار بەڕێوە ببات، تاوەکو ئەوکاتەى لەو گەشتە دەگەڕێتەوە.
 
بەگوێرەى یاسای ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، لادان و دانانى پارێزگار لە دەسەڵاتى ئەنجوومەنى پارێزگادایە، بەڵام لەپاش هەڵوەشاندنەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 26ى تشرینى دووەمى 2019، دەسەڵاتى لادانى پارێزگار و دانانى دراوەتە پەرلەمانى عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە