لە رێگەی نێرگەلەوە لە عێراق 'مادەی هۆشبەر لە کافتریاکان' ساخدەکرێتەوە

23-10-2023
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
دیمەنی یەکێک لە کافتریاکانی هەولێر، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیمەنی یەکێک لە کافتریاکانی هەولێر، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
نیشانەکردن نێرگەلە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی عێراق، دەڵێت، "مادە هۆشبەرەکان بوونەتە گەورەترین مەترسی لەسەر عێراق" و حکومەتی عێراق جدییە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییە." دەشڵێت، "بەشێک لە کافتریاکان هۆکاری بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکانن و لەنێو نێرگەلەدا مادەکان ساخدەکەنەوە."
 
ئەشرەف دەهان، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی عێراق و ئەندامی دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ قەڵاچۆکردنی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، لە هەڤپەیڤینێکدا لە بەرنامەی نوورۆژی رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، ئاماژە بەوە دەکات "مادە هۆشبەرەکان ئێستا گەورەترین مەترسییە لەسەر کۆمەڵگەکەمان لە هەموو پارێزگەکان، ئێستا بووەتە هۆی هەڵوەشاندنی تۆڕی کۆمەڵایەتی". جەختیش دەکاتەوە "لە راستیدا حکومەتی عێراق جدییە و هەنگاوی گەورەی هاویشتووە لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ئەم نەهامەتییە، دەستەی باڵای نیشتمانمان هەیە بۆ قەڵاچۆکردنی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکان کە من یەکێکم لە ئەندامەکانی."
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات "هاوئاهەنگی تەواو هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و یەکێک لە برایانی ئەندامی ئەو دەستەیە لە هەرێمی کوردستانە، پلانی زۆرمان هەیە کە پەیوەندیدارن بە زۆر بوار و گرنگترینیان سازدانی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ دانانی میکانیزمی رێگریی لە هاتنەناوەوەی مادە هۆشبەرەکان لە سنوورەکانی عێراقەوە." 
 
ئەو بەرپرسەی حکومەتی عێراق دەڵێت، "حکومەتی عێراقی پارەی زۆری بۆ وەزارەتی ناوخۆ تەرخانکردووە لەپێناو دروستکردنی پەرژینێکی ئەمنی لە سنوورەکان بۆ رێگریی لە هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ عێراق، هەروەها حکومەتی عێراق بە هاوئاهەنگی وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕە پارەیەکی تەرخانکردووە بۆ دروستکردنی سەنتەرەکانی چارەسەری دەروونی، بەم دواییانە دوو سەنتەری چارەسەری دەروونیمان لە بەغدا کردووەتەوە بۆ چارەی ئالوودەبووان و لە راستیشدا ئەنجامەکان دڵخۆشکەر بوون." 
 
بە گوتەی ئەشرەف دەهان، هەوڵ دەدرێت یاسای رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکانی عێراق هەموار بکرێتەوە "بە هاوئاهەنگی ئەنجوومەنی نوێنەران، سزاکان تووندتر دەکرێن و جیاوازی دەکرێت لەنێوان بەکارهێنەر و بازرگان، ئەمانە هەمووی هەنگاوی گرنگن بۆ سنووردارکردنی ئەم دیاردەیە." 
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی عێراق نایشارێتەوە دەرمانخانە و پزیشک هەبووە لەگەڵ بازرگانانی مادەی هۆشبەر دەستی تێکەڵکردووە بۆ بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر و گوتی "لە هەندێک حاڵەتدا ئەو مادانە بەرهەمی کیمیایی و دەرمانن، ئەگەر دەرمانخانە یان پزیشکێک هەبێت لەگەڵ ئەو گرووپە مافیایانەدا کاربکات، دەتوانێت بە تێکەڵکردنی دەرمان و بەرهەمە کیمیاییەکان مادەی هۆشبەر دروست بکات و لەو حاڵەتانەمان هەبووە بەڵام وەکو چاندن یان شتێکی لەو بابەتەمان نەبووە." 
 
ئەو بەرپرسەی عێراق دەشڵێت، هەندێک لە کافتریاکان هۆکارن بۆ بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان و دەڵێت "بێکاری گەنجەکان لەنێودەبات و بەدوای ئارامیدا دەگەڕێن، هاوکات هاوڕێیەتی خراپ، هەندێک راپۆرت باس لەوە دەکەن کە هەندێک لە کافتریاکان مەترسییەکی گەورەن، بیستوومە مادەی هۆشبەر لە نێرگەلە و ئەو شتانەدایە، بەڵام ئەمە بازرگانییەکە و هەیە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانمان چاودێری دەکەن و چەندین پرۆسەی نموونەییان ئەنجامداوە رۆژانە کە ئەوە مایەی دڵخۆشییە کە ئێمە رۆژانە ئۆپەراسیۆنی هەڵکوتانەسەر و دەستگیرکردنی ئەو مافیایانە هەیە  کە ئەم کارانە دەکەن." 
 
بەپێی نوێترین ئامار، ئێستا لە عێراق 11 هەزار کەس بەهۆی بازرگانیکردن بە هۆشبەرەوە لە زیندانن.
 
ئامارەکانی چوار ساڵی رابردووی دەستگیرکراوانی مادەی هۆشبەر لە عێراق بەم شێوەیەن:
  
ساڵی 2020 زیاتر لە حەوت هەزار و 500 بازرگان و بەکاربەر
 
ساڵی 2021 زیاتر لە 12 هەزار و 800 بازرگان و بەکاربەر
 
ساڵی 2022 زیاتر لە 16 هەزار و 800 بازرگان و بەکاربەر
 
ساڵی 2023 تاوەکو مانگی تەممووز، 11 هەزار بازرگان و بەکاربەر
 
دیارترین جۆری مادەی هۆشبەرەکان کە لە عێراق بڵاوبوونەتەوە بریتین لە کریستاڵ، زیاتر لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق (بەسرە و میسان) بڵاوبووەتەوە و سەرچاوەی هێنانیشی ئێرانە؛ حەشیش، لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق زیاتر بڵاوە و سەرچاوەکەی ئێران و ئەفغانستانە؛ حەبی کاپتاگۆن کە زیاتر لە پارێزگاکانی رۆژئاوای عێراق بڵاوبووەتەوە و سەرچاوەکەی لوبنان و سووریایە. لە بەغدا، زۆربەی جۆرەکانی هۆشبەر بڵاوبوونەتەوە و بووەتە سەرچاوەیەکیش بۆ پارێزگاکانی دیکە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سوودانى: مەترسییەکانمان لەسەر عێراق دوورخستنەوە

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: حکومەتەکەى توانیویەتى مەترسییەکان لەسەر عێراق دوور بخاتەوە و داواى لە فەرماندە سەربازییەکانى نەینەوا کرد، جگە لە پیشەیی بوون مامەڵە بەهیچ پێوەرێکى دیکە نەکەن لە دابەشکردنى بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکاندا.