رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو کۆنفرانسی وزەی عێراق لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، تۆڕی میدیایی رووداو هاوبەش و سپۆنسەری میدیایی کۆنفرانسەکە دەبێت. سەرۆکی پلاتفۆرمی گەشەپێدانی عێراق دەڵێت، پرسی ژینگە، سەرچاوەکانی وزە و فرەیی ئابووریی عێراق مژارە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە دەبن.
رۆژی 28 و 29ی کانوونی دووەمی 2025، کۆنفرانسی وزەی عێراق لە بەغدا دەستپێدەکات. لە دوو رۆژی کۆنفرانسەکەدا لە رێگەی 14 پانێلەوە گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێک دەکرێت، لەوانەش، فرەیی ئابووریی عێراق، بەکارهێنانی وزەی پاک لەبری وزە نەریتییەکان، وەبەرهێنانی کارەبا و چەند مژارێکی دیکەی ئابووری و وزە.
ئەمڕۆ 21-01-2025 ئاشتی عەلائەدین، سەرۆکی پلاتفۆرمی گەشەپێدانی عێراق میوانی بووڵەتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، گوتی، "ئامانجمان لە کۆنفرانسەکە گفتوگۆی راستەوخۆیە لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە وزە. تیشک دەخەینە سەر ئاڵنگارییەکانی بەردەم وەبەرهێنەرانی بیانی لە عێراق."
لەبارەی بەکارهێنانی وزەی پاک لە عێراق، ئاشتی عەلائەدین ئاماژەی بەوە کرد، "وەبەرهێنەران کۆکن لەسەر ئەوەی وڵاتەکە گونجاوە بۆ وەبەرهێنان لە وزەی پاک، بەڵام دەبێت حکومەتی عێراق هاوکارییان بکات."
ئاشتی عەلائەدین باسی لەوە کرد، چەندین میوانی گرنگ لە نێوخۆ و دەرەوەی عێراق بەشداریی کۆنفرانسەکە دەبن، کۆنفرانسەکە بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت و خۆیشی ئامادە دەبێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش ئامادە دەبێت، بەرپرسە باڵاکانی عێراق و کوردستان، کۆمپانیا بیانییەکانی بواری وزە و نەوت، ژینگە و رێکخراوی ئۆپێک پڵەسیش بەشدارن.
پەنالێکی کۆنفراسەکە تایبەتە بە کێشەی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێوان بەغدا و هەولێر. ئاشتی عەلائەدین ئاماژەی بەوە کرد، لەو رێگەیەوە دەمانەوێت بە روونی هەمووان بزانن کێشەی نێوانیان چییە و چۆن دەتواندرێت چارەسەر بکرێت.
25ی ئاداری 2023، هەناردەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بۆ بەندەری جەیهان وەستاوە.
رۆژی 23-12-2024 مایڵز کاگنز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە رووداوی راگەیاند، "وەستانەکە 23 ملیار تاوەکو 24 ملیار دۆلار زیانی لە داهاتی عێراق و هەرێمی کوردستان داوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ