فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا: داوا دەکەین ئاوارەکان بگەڕێنەوە شنگال

21-10-2022
گۆڤەند مستەفا
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا: دۆخی ئەمنی لە شنگال لە زۆر لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ئارامترە
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا: دۆخی ئەمنی لە شنگال لە زۆر لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ئارامترە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا لە رۆژئاوای دیجلە رایدەگەیێنێت، پلانێکی تۆکمەیان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال داناوە و داواش لە ئاوارەکانی ئەو شارۆچکەیە دەکات بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. دەشڵێت، هەموو ئاسانکارییەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەن.
 
تائێستا زیاتر لە 65٪ی خەڵکی شنگال نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان و لەژێر خێوەتەکاندا ماون، ئەوانەشی گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە شنگال و دەوروبەری، گلەیی لەوە دەکەن خزمەتگوزارییەکان لە شارەکەیان وەک پێویست نین.
 
رۆژی هەینی 21-10-2022، لیوا جەبار تائی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا لە رۆژئاوای دیجلە، میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی کرد.
 
سەبارەت بە ئاستەنگە ئیداری و ئەمنییەکان لەبەردەم گەڕانەوەی کوردی ئێزدی، جەبار تائی گوتی: "پلانێکی تۆکمەمان داناوە، داوا لە سەرجەم ئاوارەکانی شنگال دەکەین بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. هەروەها لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فۆرمێکی تایبەتمان بڵاوکردووەتەوە، هاووڵاتییان دەتوانن پڕی بکەنەوە لەگەڵ پێشکێشکردنی بەڵگەی فەرمی خێزانەکەی ئێمەش کارئاسانیان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، تەنانەت بۆ ئەو هاووڵاتییانە و ئەو خێزانانەی پێویستیان بەوەیە ماڵەکانیان بپشکێندرێت پێش ئەوەی بۆی بگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی دڵنیابکرێنەوە کە هیچ پاشماوەیەکی جەنگی داعشی تێدا نەماوە".
 
سەبارەت بە نەبوونی خزمەتگوزاری لە شارەکە، لیوا جەبار تائی دەڵێت: "بەڵێ، ئەوە راستە هەندێک کەموکوڕی لە خزمەتگوزارییەکان هەیە وەکو کارەبا و خوێندن، بەڵام کارکردن بەردەوامە و هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگا هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەموکوڕیانە."
 
پاساوی نەگەڕانەوەی ئاوارەکان نەبوونی ئاسایشە لە شارەکەدا، بەڵام فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا گوتی: "دەتوانم ئەوە رابگەیێنم دۆخی ئەمنی لە شنگال باش و سەقامگیرە، تەنانەت لە زۆر لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ئارامترە".
 
لیوا جەبار تائی رەتیدەکاتەوە هێزی بیانی لە شنگال هەبێت و دەڵێت: "هیچ هێزێکی بیانی لە شنگال نییە، بەڵکو بەشێک لە ئێزدییەکان ئەوانەی کە بڕوایان بە پارتی کرێکارانی کوردستان هەیە، ئەوانەش هاووڵاتیی عێراقی و شنگالین. دەکرێت ناوە ناوە هەندێک چەکداری بیانی بەشێوەیەکی نایاسایی دزە بکەنە شنگال، ئەوانەش دەستگیر دەکرێن و رادەستی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێن".
 
بەگوتەی لیوا جەبار تائی، ئەوان فەوجی 80ی حەشدی شەعبیان لە شنگال هەیە، کە لەژێر فەرمانی ئەوان کار دەکەن و دەڵێت: "ئەو فەوجە لە برایانی ئێزدی و بەشێک لە برایانی عەرەب و کوردی موسڵمان پێکهاتوون، هەندێک کەس بەناوی پەکەکە ناویان دەبات، بەڵام راستییەکەی ئەمە فەوجی 80یە، بەشێکیان بە فەرمی لە دەستەی حەشدی شەعبی دامەزراون و مووچە وەردەگرن، بەشێکیشیان هێزەکانیان پێکهێناوە بەناوی هێزی ئێزدخان لە کاتی خۆی لە ساڵی 2014وە تاوەکو 2017، پاشان گواسترانەوە سەر هێزەکانی نەسری موبین، لە01-12-2021وە گواسترانەوە سەر فەوجی 80ی حەشدی شەعبی".
 
سەبارەت بە ژمارەی ئاوارە گەڕاوەکانیش بۆ شنگال، لیوا جەبار تائی گوتی، رۆژانە لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان راپۆرتی پێدەگات و بەپێی ئەو ئامارانەی ئەو باسی لێوەکرد "لە 17-06-2020وە تاوەکو شەوی رابردوو زیاتر لە 8 هەزار و 700 خێزان بە فەرمی ناوەکانیان تۆمارکراوە و گەڕاونەتەوە.
 
بڕیار بوو لە چوارچێوەی رێککەوتنی شنگال، هێزێک لە خەڵکی ناوچەکە بۆ پاراستنی شنگال پێکبهێندرێت، سەبارەت بەو هێزە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا گوتی: "بە پشتبەستن بەو رێککەوتنە ئەمنییەی کە کراوە، ئەو هێزە سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەبێت. کارەکان بۆ پێکهێنانی ئەو هێزە بەردەوامن، بەڵام هەندێک بەربەستی کارگێڕی هەن. گەشبینم بەوەی لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی نوێ هەنگاو بۆ پێکهێنانی ئەو هێزە بنرێت".
 
هێزە چەکدارەکان لە شنگال:
 
سوپای عێراق: (فیرقەی 16 - پۆلیسی فیدڕاڵی - ئاسایشی نیشتمانی - دەزگای هەواڵگری)، لە سەنتەری شنگال و رێگە سەرەکییەکانی شارەکە بەدرێژایی سنوورەکانی، لەگەڵ ناوچەکانی سنوور لەگەڵ سووریا و لە سنونێش هەن.
 
حەشدی شەعبی: (فەوجی لالش - فەوجی شەهیدانی کۆجۆ - دوو فەوجی دیکەی عەرەبی سوننە بەناوەکانی نەوادر و عەرەبی شیعە و داڵەکانی شنگال - عەسائیبی ئەهلی حەق – نوجەبا – بەدر - کەتیبەکانی حیزبوڵڵا)، لە ناوچە عەرەبنشینەکانی شنگال و سەنتەری شنگال کۆچۆ و تل قەسەب و سیپا شێخ خدر و ناوچەی دیکە بڵاوبوونەتەوە.
 
هێزەکانی نزیک لە پەکەکە: (گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - یەکینەکانی ژنانی شنگال "یەژەشە" - یەکینەکانی بەرخودانی شنگال" یەبەشە" - ئاسایشی ئێزدخان). لە ناوچەکانی "دەوروبەری شنگال و شارۆچکەکانی گرعزێر، کۆمەڵگەکانی سیپا شێخ خدر، کرزەرەک، دووگرێ، خانەسۆر، بەشێک لە شارۆچکەی سنونێ" بڵاوبوونەتەوە. 
 
هێزەکانی پێشمەرگە: (هێزەکانی پاراستنی ئێزیدخان - فەرماندەیی شنگال) لە ناوچەی مەزار شەرەفەدین و ناوچەکانی باکووری رۆژئاوا، لەگەڵ باکووری رۆژهەڵاتی شنگال بڵاوبوونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە