لایەنگرانی سەدر لە بەغدا دژی سووتاندنی قورئان خۆپێشاندانیانکرد

21-07-2023
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
خۆپێشاندانی لایەنگرانی سەدر لە بەغدا دژی بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز.
خۆپێشاندانی لایەنگرانی سەدر لە بەغدا دژی بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لایەنگرانی سەدر بە دروشمی بەلێ بەڵێ بۆ قورئان، بەڵێ بەڵێ بۆ عێراق ئەمڕۆ هەینی لە بەغدا بەردەوام بوون لە خۆپێشاندان دژی سوێد. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە سوێد رێگەی بە پەناخوازێکی عێراقی لە ستۆکهۆڵم دا سووکایەتی بە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بکات. بەرپرسی نوسینگەی سەدر لەبەغدا ھۆشداری دەدات و دەڵێت لەئەگەری دووبارە بونەوەی ھەڵوێستی دیکەمان دەبێت.
 
ئیبراھیم جابری، بەرپرسی نووسینگەی سەدر لە بەغدا دەڵێت، "زەعیمی عێراق موقتەدا سەدر دەستەوەستان نەوەستا. بەرامبەر ئەم کارە ناڕەوایە بێدەنگ نابین، لەبەرامبەر ئەو بێڕێزی و دەستدرێژیەی بۆ سەر قورئان و ئاڵای عێراق کرا بێدەنگ نابین." 
 
ھەزاران  لایەنگرانی سەدر لەسەر داوای رێبەرەکەیان بە دەستێکیان قورئان و بە دەستەکەی دیکەش ئاڵای عێراقیان هەڵگرتووە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن؛ ئەوان دڵخۆشن بەسوتاندنی باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا. 
 
 فەلاح موسا، لایەنگری سەدرە و دەڵێت، "ئەمە کاردانەوەیەکی خۆڕسکی گەلە. تۆ دێیت قورئان دەسوتێنی کە پیرۆزێیەکی دوو ملیار موسڵمانە، کەچی ئیدانەی دەستدرێژی سەر باڵێۆزخانە دەکەیت. ئەمە راست نییە. تۆ رێگەمەدە قورئان بسوتێنن، ئێمەش دەستدرێژی ناکەینە سەر باڵێۆزخانە." 
 
بەرەبەیانی 20ی ئەم مانگە لایەنگرانی سەدر ھەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد و سووتاندیان، وەک کاردانەوەیەک دژی رێگەدانی وڵاتی سوێد بە سوکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز، حکومەتی سوێدیش کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا گەڕاندەوە و کارەکانی باڵیۆزخانەکەی لە عێراق بە شێوەیەکی کاتی راگرت. 
 
سوتاندنی قورئانی پیرۆز لەسوێد گڕی لەلایەنگرانی سەدر لەبەغدا بەرداوە، ئەوان بەبێ گوێدان بە بەرزیی پلەکانی گەرما ناڕەزاییان دەربڕی و وەک خۆیان دەڵێن بۆ ھەر فەرمانێک کە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە بۆیان دەربچێت ئامادەن. 
 
لە کەرکووکیش ماوەی هەفتەیەکە لایەنگرانی موقتەدا سەدڕ توڕەن و هەموو رۆژێک دوای نوێژی بە کۆمەڵ رێپێوان و خۆپێشاندان دەکەن. ئەمڕۆش دوای نوێژی هەینی بە سەدان لایەنگری سەدڕ لە کەرکووک بە هەڵگرتنی قورئان و سوتاندنی ئاڵای ئەمریکا خۆپێشاندانیان کرد و داوایانکرد سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام رابگیرێت. 
 
عەلی تالی ، گوتارخوێنی حوسێنیەی خەزعەلی دەڵێت، "دەبێ هەموو ئەو سنوور بەزاندنە لەسەر سیمبولەکان رابگیرێن، سیمبولەکە پەرتوکێکی پیرۆزبێ، ئاڵایەک یان هەر شتێک بێت، دەبێ هەموو ئازادیخوازانی جیهان ئەم هەڵوێستانە رەتبکەنەوە، لەبەرئەوەی ئەمە سنووربەزاندنە لەسەر ماف و ئازادیی هەموو خەڵک. ئێمە جەخت لەبەردەوامیی هەڵوێستەکانمان دەکەینەوە تا ئەو وڵات و لایەنانەی سەرپەرشتی ئەم جۆرە کارە دەکەن، دەستبەرداری ئەو کارەیان بن." 
 
دوای سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لەژێر چاودێری و پاسەوانیکردنی پۆلیسی سوێد، حکومەتی عێراق باڵیۆز و دیپلۆماتکارانی لە وڵاتەکە کشاندەوە و باڵیۆز و دیپلۆماتکارەکانی سوێدیشی لە عێراق دەرکرد و پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسیی لەگەڵ ئەو وڵاتە پچڕاند.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە