رووداو - هەولێر
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سامەڕا لە عێراق رایگەیاند گەورە تیرۆرستێکمان رادەستکرا، کە پێشتر لە سلێمانی بەندکرابوو و بەشدار بووە، لە تەقاندنەوەی مەزارگەکانی هەردوو ئیمامی عەسکەری.
لیوا روکن عیماد زوهێری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سامەڕا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا راگەیاند: "تیرۆریست عەباس ئیبراهیم خەڵەف ساڵح رەحمانی، کە بە عەباس عەنیفە ناسراوە، تۆمارێکی تاوانکاریی گەورەی هەیە و بە فەرمی ناسراوە".
عیماد زوهێری راشیگەیاند "ژمارەیەکی زۆر سکاڵا لەسەر ئەو تیرۆریستە تۆمارکراون، بەهۆی بەشداربوونی لە ریزی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە دانانی خاڵی ساختەی پشکنین و کوشتنی خەڵکی سڤیل و هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای سەڵاحەدین".
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سامەڕا زیانیاری زیاتری لەبارەی ئەو کەسە ئاشکرا کردووە و دەڵێت: "تیرۆریست عەباس عەنیفە دوو ساڵ لە بەندیخانەی سلێمانی بەندبوو بە ناو و ناونیشانێکی ساختە، دواتر رەوانەی هەواڵگریی کەرکووک کرا، دواتر هەواڵگریی حەویجە، دواجاریش بەهۆی بەدواداچوونی هەواڵگریی ئۆپەراسیۆنەکانی سامەڕا و هەواڵگریی ناوخۆ ناسنامەی عەباس عەنیفەمان ئاشکراکرد".
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سامەڕا ئاشکراشیکرد "دوای ئەوەی تیرۆریست عەباس عەنیفەمان رادەستکرا رەوانەی دادگامان کرد و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە، چونکە ئەو یەکێکە لە تیرۆریستە بەشدارەکان لە تەقاندنەوەی گومەزی مەزارگەکانی هەردوو ئیمامی عەسکەری و بەشداربوو لە کوشتنی کچە راگەیەندنکاری عێراقی ئەتوار بەهجەت".
تەقاندنەوەی گومەزی مەزارگەکانی هەردوو ئیمامی عەسکەری لە ساڵی 2006، بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی شەڕی تایفەگەریی شیعە و سوننە لە عێراق دادەنرێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای رێککەوتنی لەگەڵ ئیدارەی کەرکووک بڕیاریدا سەرجەم دەستگیرکراوانی سنووری پارێزگاکە کە لە زیندانەکانی پارێزگای سلێمانی دان، رادەستی ئیدارەی کەرکووک بکاتەوە.
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند: "تەواوی بەندکراوانی عەرەبی سوننە کە لە سلێمانی بوون بە چوار پاسی نەفەرهەڵگر گەڕێندراونەتەوە کەرکووک و رادەستی هێزە عێراقییەکان کرانەوە".
رادەستکردنی ئەو زیندانییانە دوای ئەوە دێت، رۆژی سێشەممە 19-5-2020 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ئیدارەی کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بە فەرمی ئەو رێککەوتنەیان راگەیاند.
پێشتر محەممەد عوسمان، لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک باسی لەوە کرد "ئێمە دوای ئەوەی لەلایەن هاوسەرۆک و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە ئامۆژگاری کراین کەوا دەستپێشخەرییەک بکەین بۆ ئەوەی ئەو دەستگیرکراوانەی سەردەمی شەڕی داعش کە لای یەکێتی یان حکومەتی هەرێمی کوردستانن، بەتایبەتی لە سنووری سلێمانی، هەموو ئەوانە رادەست بکەینەوە بە حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەی هەوڵبدەین لەمەودوا ئەو کێشانە دووبارە نەبنەوە".
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گواستنەوەی ئەو زیندانییانە کە بەهۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، راکان جبووری لەنێو پاسەکان قسەی بۆ زیندانییەکان کردووە و پێی گوتوون: "دوو سێ رۆژێکە، لێکۆڵینەوەکانتان تەواودەبێت و هەمووتان پێش جەژن دەچنەوە لای ماڵ و منداڵی خۆتان".
ئەمە لەکاتێکدایە لەکاتی کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەی لە رۆژی سێشەممە، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت ئاماژەی بەوە کرد: "پێویستە روون بێت کە تاوانبار و تیرۆریستان ئازاد ناکرێن، بەڵکو رێککەوتنەکە ئەوەیە کە خەڵکی بێتاوان ئازاد دەکرێت کە لیژنە ئەمنییەکانی کەرکووک بڕیاری لەسەر دەدەن بەوەی هیچ کێشەیەکی یاسایی لەسەر نییە".
رۆژی سێشەممە ئیسماعیل حەدیدی، راوێژکاری سەرۆککۆمار و کەسایەتیی دیاری عەرەبی کەرکووک لەبارەی ئەو رێککەوتنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "یەکێتیی نیشتمانی خۆی دەستپێشخەریی رادەستکردنی ئەو زیندانیانەی کردووە، لە رابردووشدا زیاتر لە 200 زیندانی ئازادکراون، پێشتر سێ بۆ چوار وەجبەی دیکە ئازادکراون و لە سلێمانییەوە رادەستکراونەتەوە".
ئەو دەستگیرکراوانە پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەتۆمەتی تیرۆر و ئەنجامدانی تاوانی دیکە دەستگیرکراون و رەوانەی زیندانەکانی سلێمانی کراون، چەند جارێک لایەنە عەرەبییەکان داوایانکردووە ئەو دەستگیرکراوانە رادەستی ئیدارەی کەرکووک بکرێنەوە کە ئێستا لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ