رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەچێتە نیویۆرکی ئەمریکا.
نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە محەممەد شیاع سوودانی بە سەرۆکایەتیی شاندێک بەرەو نیویۆرک بەڕێ دەکەوێت، "بە مەبەستی بەشداریکردن لە 79یەمین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان".
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بەشداری لە شاندی عێراق دا دەکات لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک.
نووسینگەی راگەیاندنی سوودانی دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەر لە میانی سەردانەکەیدا زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتانی دۆست و سەرۆکی شاندە بەشداربووەکان دەبێت و دیداری دوو قۆڵیشی لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک بەرپرس و نێردەی شاند و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.
لە رۆژانی 22 و 23ی ئەم مانگەدا سەرکردەی وڵاتەکان لە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبن و لەبارەی ئەو بابەتانە قسە دەکەن کە پەیوەندییان بە وڵاتەکانیان، ناوچەکانیان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ