شێوازی نۆژەنکردنەوەی زەقوڕەی سەیدە زوبەیدە لە بەغدا ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
زیاد ئیسماعیل
زەقوڕەی سەیدە زوبەیدە دوای نۆژەنکردنەوەی
زەقوڕەی سەیدە زوبەیدە دوای نۆژەنکردنەوەی
A+ A-
 
رووداو - بەغدا

زەقوڕەی سەیدە زوبەیدە لە بەشی کەرخی بەغدا، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوارەوە نۆژەنکراوەتەوە، سوننەکان پێیان وایە ئەو زەقوڕە تەمەن هەشت سەدەیە بەهۆی نۆژەنکردنەوەکەیەوە شێوە مێژووییەکەی لەدەستداوە.
 
لەنێو منارەی زەقوڕەکەدا گۆڕێک هەیە، کە خەڵکی ناوچەکە دەڵێن زوبێدە خاتوون یاخود زمڕودە، هاوژینی هاروونە رەشیدی دامەزرێنەری شاری بەغدایە، بەڵام سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن کە هاوژینی هاروونە رەشید نییە، بەڵکو دایکی یەکێک لە سەرکردەکانی سەردەمی کۆتایی عەباسییەکان بووە، کە لەوێ نێژراوە. مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 800 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، کەچی بەم شێوەی ئێستا نۆژەنکراوەتەوە.
 
لە نۆژەنکردنەوەکەدا گەچ، کاشی، کارەبا و چیمەنتۆ لە زەقوڕەکەدا بەکارهێندراون؛ مێژووی دروستکردن و نەخشەکانی بۆ سەردەمی عەباسییەکان دەگەڕێتەوە، پەرلەمانتارێکی سوونە گۆڕینی ئەم شوێنەوارە بە دەستی ئەنقەست دەزانێت.
 
نیهال شەمەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی عەزم دەڵێت، "ئاراستەیەکی ئەنقەستە بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەکانی بەغدای کۆن بەبێ رەچاوکردنی ئەوەی کێ کردوویەتی؛ ئێستا جووڵەیەک هەیە لەسەر ئەمینداریەتی بەغدا، چونکە بە دڵنیاییەوە بەبێ رەزامەندیی ئەوان بۆیاخ نەکراوە. پێویستە لەسەر لیژنەی گەشتوگوزار و شوێنەوار ئەم بابەتە بجوڵێنن."
 
نۆژەنکردنەوەکە لە شەقامیش ناڕەزایی لێکەوتەوە، هاووڵاتییان پێیانوایە حکومەت پێگیر و خەمخۆر نییە لە بابەتی پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان.
 
ئەحمەد عەباس، دووکاندار دەڵێت، "ئەمە شوێنەوارە. تایبەت نییە بە کەسێک، هەروەک چۆن ئەم شەقامە گشتییە هەمووان تێیدا بەشدارن، ئەمەش هەمان شتە. بە راشکاوی، ئێستا شوێنەوار نرخی نییە لە عێراق، تەنیا کەمێکیان نەبێت. شەقامی رەشید و موتەنەبی فەرامۆش کراون، خانووی کۆن هەیە بە هەمان شێوە فەرامۆش کراوە، ئەمە نابێت وابێت."
 
فازڵ فارس، هاووڵاتی ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم زەقوڕەیە ئەوکاتەی رەنگی خۆڵی سرووشتی بوو شوێنەواری پێوە دیاربوو، لە یەکەم بینینەوە پێیەوە دیاربوو شوێنەوارییە، ئێستا کە رەنگیان کردووە، گۆڕاون؛ وەک ئەوەیە کاری ئەمڕۆ یان دوێنێ بێت، ئەمەش هێمای شوێنەوارییە مێژوویەکان ون دەکات."
 
عەلا خزەیر، کاسب گوتی، "هەموو وڵاتانی جیهان پارێزگاری لە شوێنەوارەکانی دەکات، ئێمە بە پێچەوانەوە تێکی دەدەین و هێماکان دەگۆڕین، ئەم شتە راست نییە! ئەم ئیشە هەرگیز راست نییە."
 
سەعدی سەبری، خانەنشین لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئەم شوێنەوارە کۆن و مێژووییە؛ خەڵکی بیانی لە دەرەوە دێن سەردانی دەکەن، لە ناوخۆی عێراق و لە دەرەوەی عێراق دێن. پێویستە لەسەر شوێنەوار چاکی بکات، چونکە ئەمە هێمایە. ئەوەی ئێستا کردوویانە هەڵەیە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "شێوەی زەقوڕەکەمان نەگۆڕیوە، جارانیش رەنگی سپی بووە، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا رەنگەکەی گۆڕیبوو."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە