جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆن: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دوادەکەوێت

20-05-2019
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن هەڵبژاردن
A+ A-

رووداو - هەولێر

جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، بەهۆی هەموارنەکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دوادەکەوێت.

رزگار حەمەئەمین بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە نووسراومان ئاراستەی پەرلەمان و حکومەت کردووە کە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەمواربكرێتەوە. دەبوو لە مانگی نیسانەوە هەموارەکە تەواوبێت، بەڵام بەهۆی هەموارنەکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دوادەکەوێت".

جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاماژە بەوە دەکات، ماوەی 10 رۆژە حکومەت پڕۆژەیاسایەکی ناردووەتە پەرلەمان، کە بەشێک لە سیستەم و شێوازی هەڵبژاردنەکە گۆڕاوە. گوتیشی "بۆیە ئاگاداری لیژنەی یاسایی پەرلەمانمان کردووەتەوە بەهۆی هەموارنەکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کاتی پێویستمان لەبەردەستدا نییە و ناتوانرێت لە 16-11-2019 هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچێت".

بەگوتەی رزگار حەمەئەمین، جگە لەوەی ماوەی چەند مانگێکیان پێویستە بۆ هەندێک هەڵاوێردی  کۆمپانیا و پێداویستی هونەری هەڵبژاردن، هەروەها ماوەی 220 رۆژی دیکەیان پێویستە پێش وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ئامادەکارییەکانی دیکە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە