رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، داوا لە سەرجەم فراکسیۆنەکان کراوە کە 5 ناو وەکو بەربژێر بۆ پۆستە وزارییەکان پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بکرێت بۆ ئەوەی یەکێکیان هەڵبژێرێت. دەشڵێت: "تاوەکو ئێستا 70٪ی وەزارەتەکان یەکلا کراونەتەوە".
رۆژی چوارشەممە 19-10-2022، بەهائەدین نووری، گوتەبێژی دەوڵەتی یاسا، میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات. لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و رادەستکردنی ناوی بەربژێرەکان بە محەممەد شیاع سوودانی و پەسندکردنی کابینەکەی لە پەرلەمان، رایگەیاند: "لەم ماوەیەدا لایەنە سیاسییەکان نەرمییەکی زۆریان لە گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو نواندووە، بۆ ئەوەی ئەم بابەتە کۆتایی پێبهێنن".
بەگوتەی بەهائەدین نووری وەزارەتەکان لە نێوان پێکهاتەکان دابەشکراون: "هەر پێکهاتەیەک بەشی خۆی وەرگرتووە و هەروەها هەندێ وەزارەت بە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دراون، بۆ ئەوەی خۆی وەزیرەکان هەڵبژێرێت".
گوتەبێژی دەوڵەتی یاسا ئاشکرای کرد، کە فراکسیۆنە سیاسییەکان لەسەر ئەوە رێککەوتن: "بۆ هەر وەزارەتێک پێنج بەربژێر پێشکێش بکەن و سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو خۆی کەسایەتییەک هەڵبژێرێت هەروەها دەتوانێت داوای گۆڕینی پێنج بەربژێرەکەش بکات".
بەهائەدین نووری ئاماژە بەوەش دەدات کە ئەوان هیوادارن هەموو وەزارەتەکان تەواو بێت بۆ ئەوەی لە پەرلەمان دەنگ لەسەر کابینەکە بدرێت و حکومەت دەست بەکاری خۆی بکات، دەشڵێت: "ئەگەر هاتوو بەشێک لە کابینەکەش دەنگی لەسەر نەدرێت، هیچ کێشەیەک نابێت دواتر لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت. واتە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو ناچار نییە کابینەیەکی وزاری بەتەواوەتی بێنێتە پەرلەمان".
بە گوتەی بەهائەدین نووری، تاوەکو ئێستا 70٪ی پۆستە وزارییەکان یەکلاکراونەتەوە و تەنیا بەشێکی کەم ماوە، هەفتەی داهاتوو حکومەتی نوێ رادەگەیێندرێت.
دوای زیاتر لە 12 مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. رۆژی پێنجشەممە 13ـی ئۆکتۆبەری 2022، پەرلەمانی عێراق، لەتیف رەشیدی بە سەرۆککۆمار هەڵبژارد. هەر دوای سوێندخواردنی، محەممەد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپارد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ