کۆمیسیۆن لە تەممووزەوە دەست بە ئامادەکاریی کرداری دەکات بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

19-06-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن کۆمیسیۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە یەکى تەمموزەوە دەستدەکات بە تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانێتییەکان و حیزبەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و، لە 15ـی هەمان مانگیشەوە ناوى بەربژێرەکان وەردەگرێت.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردەکانى عێراق ئەمڕۆ (دووشەممە، 19-6-2023) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئامادەکاریى کردارى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاگانى عێراق لە یەکى تەمموزەوە دەستپێدەکات، ئەوەش بە کردنەوەى دەرگەى تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانێتییەکان و لە 15ـی تەمموزیشەوە دەستدەکرێت بە تۆمارکردنى ناوى بەربژێران بۆ ئەو هەڵبژاردنە".
 
هەروەها کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەمڕۆ رایگەیاند، کۆمیسیۆنەکە "دەرگای خۆتۆمارکردنی هاوپەیمانیێتییەکان و حیزبە سیاسییەکان دەکاتەوە کە ئارەزوویانە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا بکەن. دەرگای خۆتۆمارکردن لە 1ـی تەممووز بۆ 30ـی تەممووزی 2023 کراوەیە".
 
لە ساڵانى 2005، 2009 و 2013 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەچوون، ئەگەرچى بڕیار بوو هەڵبژاردنەکە لە 2018ـشدا بکرێت، بەڵام بەهۆى تێبینیی کۆمیسیۆن لەسەر وادەکەى و ناکۆکى لەسەر یاسایەکە، نەکرا.
 
عیماد جەمیل گوتیشى، "نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران بۆ ئەو هەڵبژاردنە لە 13ـی تەمموز تاوەکو 11ـی ئاب دەبێت."
 
بەگوێرەى هەمواری یاساى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کە 26ـی ئاداری ئەمساڵ پەرلەمانى عێراق پەسندیکرد، نابێت ئەو هەڵبژاردنە لە 20ـی کانوونى یەکەمى 2023 تێپەڕێت.   
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، "ئەنجوومەنى کۆمیسیاران پێشنیازى خۆیان دەدەنە حکومەت بۆ ئەوەى بە فەرمى وادەى هەڵبژاردنەکە دیاری بکات"؛ گوتیشى، "رەنگە پێشنیازەکەى کۆمیسیۆن ئەوە بێت؛ هەڵبژاردنەکە چەند رۆژێک پێش 20ـی کانوونى یەکەم بێت".
 
بۆ یەکەمجار لەدواى ساڵى 2005ـەوە، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا لە کەرکووک هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنى پارێزگاکانى دیکەى عێراق ئەنجامدەدرێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

  وێنەى ئاڵاى پێشووى عێراق لەسەر 'درووشمى یادگاری'ـیەکە

یەکێتیی تۆپى پێى بەحرێن داوای لێبووردن لە عێراق دەکات

یەکێتیی تۆپى پێى بەحرێن داواى لێبووردن لە حکومەت و گەلى عێراق دەکات، بەهۆى بوونی وێنەى ئاڵاى پێشووى عێراق لەسەر 'درووشمى یادگاری'، کە بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە دا لەنێوان کاپتنی هەردوو هەڵبژاردەکە دەگۆڕدرێتەوە.