رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکی گشتی رەوتی حیکمە لەسەر بانگهێشتی فەرمی بەرپرسانی سعودیە، گەیشتە ئەو وڵاتە و لەلایەن ژمارەیەک بەرپرس لە فڕۆکەخانەی شا عەبدولعەزیزی نێودەوڵەتی پێشوازی لێکرا.
عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە گەیشتە ریازی پایتەختی سعودیە و لە لایەن وەلید خەزرەجی، جێگری وەزیری دەرەوەی سعودیە، عەبدولعەزیز شەمەری، باڵوێزی سعودیە لە عێراق، مازن حەملی، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە مەککە و د. عەبدولسەتار هادی جەنابی، باڵیۆزی عێراق لە سعودیە پێشوازی لێکرا. هەروەها بڕیارە عەمار حەکیم ئەمڕۆ لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆببێتەوە.
فەهد جبووری، سەرکردە لە رەوتی حیکمە بە رووداوی راگەیاند، سەردانەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی خودی حەکیم لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و سعودیەیە. هەروەها گوتی عەمار حەکیم کەسێکی ئایینییە کە لەلایەن سعودییەوە رێزی لێ دەگیرێت.
جبووری رەتیکردەوە سەردانەکەی حەکیم پەیوەندیی بە پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراقەوە هەبێت و گوتی، "سەردانی سەید عەمار حەکیم بۆ سعودیە سەردانێکی کەسییە. ئەم سەردانانە هیچ پەیوەندی بە پرسی پێکهێنانی حکومەت و دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانەوە نییە".
زیاتر لە 10 مانگە هەڵبژاردنی عێراق کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیوە حکومەت پێکبهێنن. ئەویش بەهۆی ناکۆکیی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە یەکەمیان داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات و دووەمیشیان رەتیدەکاتەوە کابینەکەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پێشوەخت بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ