ئەمریکا پاتریی سیستمی پاتریۆت لە عێراق دەکشێنێتەوە

18-06-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن ئەمریکا سیستمی پاتریۆت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا نزیکەی هەشت پاتریی سیستمی دژەمووشەکیی پاتریۆت لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەنێویاندا، عێراق، کوەیت، ئوردن و سعودیە دەکشێنێتەوە. 
 
بەرپرسانی باڵای ئیدارەی بایدن کە ناویان ئاشکرا نەکردووە، قسەیان بۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵ کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە، ئیدارەکە بە خێرایی ژمارەی سیستمە دژەمووشەکییەکانی وڵاتەکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەمدەکاتەوە. 

لە ساڵی 2020، ئەمریکا سیستمی دژە مووشەکیی پاتریۆتی بۆ عێراق گواستەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە ئێران لە مانگی کانوونی دووەم هێرشی مووشەکی کردە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد. هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانیش دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی بوو. 

لە ساڵی 2019ـەش، ئەمریکا پاتریی سیستمی پاتریۆت و سیستمی دژە مووشەکیی Terminal High Altitude Area Defense بۆ سعودیە نارد. ئەوەش دوای ئەوەی کێڵگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانەوە کرانە ئامانج. 
 
هەوڵە نوێیەکەی ئیدارەی بایدن، بەپێی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسانە، جگە لە کشانەوەی پاتریی سیستمی پاتریۆت، سیستمێکی دژەمووشەکی دیکە لە سعودیە کە ناوی Terminal High Altitude Area Defenseـە دەکشێنێتەوە. هاوکات فڕۆکە شەڕکەرەکانیش کە لە هەرێمەکەدا بوون، کەمدەکاتەوە. 

هاوکات ئیدارەی بایدن، سەدان سەرباز کە ئەندامانی ئەو گرووپانەن کار بە سیستمەکان دەکەن یان پاڵپشتییان بۆ دابین دەکەن، دەکشێنێتەوە. 

بە گوتەی بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەکە، کشانەوەکە بۆ ئەوەیە ئەمریکا رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییە نوێیانە ببێتەوە کە لەلایەن رووسیا و چینەوە دەخرێنە بەردەمی. 

ئەمریکا ژمارەی سەربازانی لە عێراق بۆ 2500 سەرباز کەمکردووەتەوە و بەپێی پلانی ئیدارەی بایدنیش، تاوەکو 11ـی سێپتێمبەری ئەمساڵ، تەواوی سەربازەکانی دەکشێنێتەوە. 
 
بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەی بایدن باسیان لەوەشکردووە، لە سەرەتای ئەم مانگە بەشێکی زۆر لە کەمکردنەوەی توانا سەربازییەکانی ئەمریکا لە سعودیە کراوە. ئەوەش پێشتر ئاشکرا نەکرابوو. لە 2ـی مانگ، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا زانیاری و گۆڕانکارییەکانی بە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە گوتووە. 

بڕیاری کەمکردنەوە و لابردنی بەشێک لە سیستمە بەرگرییەکانی ئەمریکا بەهۆی تێڕوانینی پێنتاگۆنەوەیە بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکە. پێنتاگۆن باوەڕی وایە، هێرشەکان نەماون. ئەوەش دوای ئەوەی ئیدارەی بایدن بەدوای گفتوگۆوەیە لەگەڵ ئێران لەبارەی چەکی ئەتۆمی و ئاماژەی ئەوەی دەرخستووە کە ئەگەر رێککەوتنی ئەتۆمی بگەڕێتەوە، سزاکانی سەر ئێران سووک دەکات.

ئەوە لەکاتێکدایە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشیان هەیە، هێشتا مەترسین بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق. لە چەند هێرشێکی ئەم دواییەی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانیش دەستی تۆمەت بۆ ئەو گرووپانە راکێشراوە. 

سیستمی دژەمووشەکیی پاتریۆت ناتوانێت بەرپەرچی هێرشی فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکان بداتەوە، بەڵام بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکایە لە دژی هێرشی مووشەکی بالیستی. 

لە ماوەی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، وەکو بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی پێکردووە، سیستمی دژەمووشەکی، فڕۆکەی شەڕکەر و کەشتیی شەڕکەری بۆ ناوچەکە ناردووە، ئەوەش بۆ لە چوارچێوەی کامپەینی ئەوپەڕی گوشار دژی ئێران.

 

بە گوتەی بەرپرسەکانی ئیدارەی بایدن، ئەو سیستمە دژە مووشەکییانەی ئەمریکا وایان لە ئێران و هێزە بەکرێگیراوەکانی نەکردووە کە کردەوە "تێکدەرانەکانیان" کەمبکەنەوە. هاوکات سعودیەش سیستمی دژەمووشەکیی پەرەپێداوە و بەشێکی زۆری هێرشە مووشەکییەکانی کە دەکرێنەسەری بەرپەرچداوەتەوە. 

لە لایەکی دیکەوە هۆکاری کشاندنەوەکە وەکو ئەو بەرپرسانە ئاماژەی پێدەکەن، بەکارهێنانی سیستمە دژە مووشەکییەکەیە بەشێوەیەکی زۆر لە ماوەی ساڵانی رابردوو کە ئێستا پێویستی بە چاککردن و نۆژەنکردنەوە هەیە. 

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری باسی لەوەشکردووە، هەرچەندە ئەو سیستمانە دەکشێننەوە و کەمیان دەکەنەوە، بەڵام "هێشتا هەزاران سەربازمان لە ناوچەکەدا [رۆژهەڵاتی نێوەڕاست] هەیە. هێشتا سەربازمان لە عێراق و سووریا هەیە و ئەوانە ناکشێنەوە. هێشتا بنکەی سەربازیمان لە وڵاتانی هاوبەشمان لە کەنداو هەیە و ئەوانە هێشتا کاران."

بەرپرسێکی کۆشکی سپیش ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو سەرباز و کەلوپەلانەی لە ئەفغانستان دەیانکشێننەوە، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیریان دەکەن. ئەوەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان لەو ناوچانە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە