رووداو دیجیتاڵ
دۆسیەى ئەمنى پارێزگاى سەڵاحەدین رادەستى پۆلیس کرا و سوپا چووە دەرەوەى ئەو پارێزگایە. راوێژکارى ئەمنىی پارێزگارى سەلاحەدین دەڵێت:"حەشدی شەعبی و سوپا لە قەزاى خورماتوو چوونەتە دەرەوە و شارەکە بەدەست پۆلیسەوەیە".
کاوە شێخانى، راوێژکارى ئەمنى پارێزگارى سەڵاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: دۆسیەى ئەمنى پارێزگاى سەڵاحەدەین رادەستى پۆلیس کراوە و سوپا چووەتە دەرەوەى شارەکە، پۆلیسى خۆجێی، شارەکە دەپارێزێت، تەنیا لە قەزاى سامەرا بەهاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی فیدڕاڵى ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکەن.
پرۆسەى رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنى پارێزگاى سەڵاحەدین بە پۆلیس 17ى ئایارى 2023 ئەنجامدراوە، لەدواى دوو رۆژ لە سەردانى عەبدولئەمیر شمەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق بۆ ئەو پارێزگایە.
کاوە شێخانى ئاماژەى بەوەدا، لە سنوورى قەزاى خورماتوو پۆلیسی خۆجێیی بەرپرسیارێتى ئەمنیان گرتووەتە دەست و حەشدی شەعبی و سوپاى تێدا نەماوە.
لەدواى دەستبەکاربوونى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە مانگى تشرینى دووەمى 2022 ، ئامادەکارییەکان بۆ رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنى پارێزگاکانى عێراق لە سوپاوە بە پۆلیسی خۆجێیی دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا پارێزگاکانى واست، دیوانیە و موسەننا ئەو پرۆسەیان ئەنجامداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ