رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک پێشمەرگەی لیوای یەکی پیادە دوای 18 ساڵ چاوەڕوانی، بە جۆش و خرۆشەوە لە قەرەهەنجیر بەرەو سندووقی دەنگدان رۆیشتن بۆ ئەوەی دەنگ بدەن.
لە قەرەهەنجیری سنووری کەرکووک، سێ هەزار و 630 کەس مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیە و رێژەی دەنگدان تێیدا 96٪ بووە.
شێرزاد مەجید، ئەفسەر لە لیوای یەکی پیادە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "ئەرکی یەکەممان وەک پێشمەرگە، بەرگریکردنە لە خاک و نیشتمان، ئەرکی دووەمیشمان دەنگدانە بە قەوارەی هەرێمی کوردستان بەتایبەت شاری کەرکووک، پێشمەرگەئاسا وەک چۆن ئێستا ئێمە هاتووین دەنگی خۆمان بەخشی، پێمخۆشە ئاوا خەڵکی کورد تاک بە تاکیان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان."
لە بنکەی دەنگدانی شۆڕش لە چەمچەماڵ، دوو هەزار و 900 کەس مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیە و زۆرینەیان پێشمەرگەن و هەموویان خەڵکی کەرکووکن، دەڵێن "دەنگمان داوە و دڵمان لەلای دەنگدانی گشتییە.''
لیوا رێبوار محێدین، فەرماندەی فیرقەی دووی پێشمەرگە دەڵێ "دەرفەتێک هاتووەتە پێشەوە، دەبینن ئەگەر پارێزگار کورد نەبێت، چی روودەدات. داواکارم هەموو خەڵک بە گڕوتینەوە بڕۆن و ئەمڕۆ گڕوتینێکی زۆر دەبینم لە دەنگدانی تایبەتدا، هیوادارم لە دەنگدانی گشتیشدا هەموو خەڵک وا بە گڕوتینەوە بڕۆن و بۆ ئەوەی پارێزگاری کەرکووک ببێت بە پارێزگاری کورد و بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموولایەک بکات.''
دەرگای بنکەکانی دەنگدانی تایبەت کاژێر 06:00ـی ئێوارە داخران و بەگوتەی چاودێرانی هەڵبژاردنەکان بێت لە قەرەهەنجیر هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکرا و، کەموکوڕی تەکنیکی و کێشەی نەگەڕانەوەی ناوی دەنگدەریش نەبووە.
بەشداریکردنی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە کەرکووک بێشومار بوو، بەڵام ئەوەی چارەنووسی کەرکووک یەکلایی دەکاتەوە دەنگدانی 18ـی مانگە، کورد لەو هەڵبژاردنە چاوی لە هەشت بۆ نۆ کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ