دەوڵەتی یاسا: سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا زۆر پێویستە

16-10-2014
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی دەوڵەتی یاسا
A+ A-

رووداو- هەولێر

سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا زۆر پێویستە و كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بە كۆبوونەوەیەك چارەناكرێن.

جاسم محەممەد بەیاتی، سەركردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا زۆر پێویستە و كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بە كۆبوونەوەیەك چارەناكرێن و پێویستییان بە كاتی زۆرترە بۆ یەكلاكردنەوەیان، چونكە كێشەكان گەورەن".

جاسم محەممەد بەیاتی، كە بە نەتەوە توركمانە، گوتیشی "پێویستە چیتر كورد باسی جیابوونەوە و ئەنجامدانی راپرسی و گەڕانەوەی ناوچە كێشەلەسەرەكان بۆ هەرێمی كوردستان نەكەن، وەك دیاریشە توركیا بەڵێنەكانی بۆ بەرگریكردن لە كورد نەبردە سەر".

سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشدا، كە "بەغدا لە هەموو لایەنێكی دیكە زۆرتر لە كوردەوە نزیكە، ئەوەشی ئەم راستییە دەسەڵمێنێ پشتگیری بەغدا بوو بۆ هەرێمی كوردستان لە دژی چەكدارانی گرووپی داعش كاتێك هێرشیان كردە سەر كوردستان".

جاسم محەممەد بەیاتی ئەوەشی خستەڕوو، كە "بەغدا ئەمڕۆ زۆرتر لە هەر كاتێكی دیكە پێویستی بە پاڵپشتی و هاوكاری هەرێمی كوردستانە و حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵی راستەقینە دەدات بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا".

ئەمە لەكاتێكدایە چاوەڕوان دەكرێ وەزیرانی كورد بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكانی حكومەتی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق سوێندی یاسایی بخۆن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە