رووداو دیجیتاڵ
بانکی رافیدەین لەبارەی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی بەغدا رایدەگەیێنێت، لە رۆژانی پشووشدا لقی بانکەکەیان لە فڕۆکەخانەی بەغدا کراوە دەبێت و دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بە گەشتیاران دەفرۆشێت.
بانکی رافیدەین، کە بانکێکی حکومییە، رۆژی پێنجشەممە 16-02-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "پەنجەرەی بانکی رافیدەین لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، تەنانەت لە رۆژانی پشووشدا کراوەیە بۆ فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی فەرمیی پاڵپشتیکراوی بانکی ناوەندیی عێراقی، کە هەر دۆلارێک بە 1320 دینارە."
بانکی رافیدەین رۆژی شەممە 11-02-2023، لەبارەی فرۆشتنی دۆلار بڵاویکردەوە، گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەبێت پاسپۆرت و تیکتی فڕۆکە و تیکتی سەرکەوتنە نێو فڕۆکە پێشکێش بکەن.
بەپێی رێنوێنییەکانی بانکی رافیدەین، دەبێت گەشتیاران ماستەرکارد و پسوولەی KYCیان هەبێت. KYC فۆرمێکە بۆ رێگەگرتن لە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر پڕدەکرێتەوە، ئامانجەکەی فەراهەمکردنی ژینگەیەکی کاری ئارام و متمانەپێکراوە.
تاوەکو 7000 دۆلار دەدرێتە گەشتیاران بە نرخی فەرمی، کە هەر دۆلارێک بە 1320 دینارە. لقی بانکەکە 24 کاژێر کراوەیە، ئەمەش وەکو بانکی رافیدەین بڵاویکردووەتەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق لە رۆژی 08-02-2023وە دۆلار بە نرخی نوێ دەفرۆشێت، بەم شێوەیەی خوارەوە:
- هەر دۆلارێک بە 1300 دینار لە وەزارەتی دارایی دەکڕن.
- هەر دۆلارێک بە 1310 دینار بە بانکەکان فرۆشن لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنی.
- هەر دۆلارێک بە 1320 دینار لەلایەن بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان دەفرۆشرێت بۆ سوومەندبوونی کۆتایی.
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژی 08-02-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیاریان داوە هێڵێکی گەرم تەرخان بکەن بۆ وەرگرتنی سکاڵا و پرسیاری هاووڵاتییان لەبارەی فرۆشتنی دۆلار و ژمارەکەش 07755521650یە.
بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، لە کاتی دەوامی فەرمی لە کاژێر 08:30ی بەیانی تاوەکو کاژێر 07:00ی ئێوارە، سکاڵا و پرسیاری هاووڵاتییان وەردەگرن.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی 07-02-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری ئەنجوومەنی ئیدارەی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسند کرد، بەوەی دەستکاریی نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی بکرێت، بە جۆرێک 100 دۆلار دەبێتە 130 هەزار دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ