لە بەغدا نزیکەی 700 کرێکاری بیانی دەستگیرکران و دیپۆرت دەکرێنەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وادەی تۆمارکردن و خۆگونجاندنی یاسایی کرێکارانی بیانی کۆتایی هات، لە یەکەم هەڵمەتدا نزیکەی 700 کرێکاری بیانی لە بەغدا دەستگیرکران. گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، دیپۆرتیان دەکەنەوە.
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی 15ـی ئەم مانگەی وەک دوایین وادە دیاری کردبوو، بۆ ئەوەی کرێکارانی بیانی بە فەرمی خۆیان تۆمار بکەن، خۆگونجاندنی یاسایی بکەن و دۆسیەکانیان یەکلابکەنەوە. 
 
وەزارەتەکە، کۆمپانیا، پیشەوەر، چێشتخانە و شوێنەکانی ئاگادار کردبووەوە، ئەگەر کرێکاری بیانییان لایە تاوەکو ئەو وادەیە تۆماریان بکەن. دوای تەواوبوونی وادەکە، هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان بۆ دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران دەستپێکرد.
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەڵمەتەکەدا 691 کرێکاری بیانییان دەستگیرکرد، کە بەشێوەیەکی نایاسایی کاریان دەکرد.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، سەرجەمیان رەوانەی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە و سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو شوێنانەش تۆمار دەکەن، کە داڵدەیان داون.
 
رۆژی 28ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمینداریێتی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری نشینگە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کار بە خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنی دەکات بۆ چاککردنی دۆخی یاسایی ئەو کرێکارە بیانییانەی پێچەوانەی یاسای نشینگە لە عێراقن، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. رۆژی 31-12-2024ـیش وەک دوایین مۆڵەت دیاری کرابوو. 
 
نزیکەى یەک ملیۆن کرێکارى بیانى لە عێراق کار دەکەن؛ بە گوێرەى سەندیکاى کرێکارانى عێراق، نزیکەى 70 ٪ـیان مۆڵەتی کارکردنیان نییە.
 
بەگوێرەى یاساى کارى عێراق، نابێت هیچ کرێکارێکى بیانى بەبێ مۆڵەتى وەزارەتى کار لە هیچ شوێنێک کار بکات، دەبێت خاوەن کارەکەى تێچووى تیکتى گەشتەکەى بۆ عێراق بگرێتە ئەستۆ، ئەگەر کرێکارە بیانییەکە گیان لەدەست بدات، پێویستە خاوەنکارەکەى تێچووى گواستنەوەى تەرمەکەى بۆ وڵاتەکەى بگرێتە ئەستۆ.
 
دوای تۆمارکردنی ناویان، ئەو کرێکارە بیانییانە دەبێت 250 هەزار دینار رسومات بدەن و گرێبەست و شێوازى کارکردنیان بە گوێرەى یاسای کارى عێراق دەبێت کە لە ساڵى 2015 دەرکراوە.
 
پێشتر لە 14ـی تشرینى دووەمى 2024، میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق گوتی، "هەر کەسێک لەسەری بسەلمێت کە تێوەگلاوە لە بەقاچاخبردن، داڵدەدان و کارپێکردنى ئەو کرێکارە بیانییانەى بەشێوەیەکى نایاسایی هاتوونەتە نێو خاکى عێراق، دەدرێنە دادگە؛ هەروەها رێوشوێنى یاسایی تووند دژى ئەو کەس و کۆمپانیایانە دەگیرێتەبەر کە رۆڵیان لەو هێنانەدا هەبووە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق

یەکشەممە دەنگ بە هەموارى یاساى بودجە دەدرێت و کێشەى نوێى لەسەر دروستبووە

پەرلەمانى عێراق خشتەى یەکەم کۆبوونەوەى هەفتەى داهاتوو بڵاودەکاتەوە و یەکێک لە بڕگەکانى دەنگدانە لەسەر هەموارى یاساى بودجە لەبارەى شایستەى دارایى کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان، بەگوتەى ئەندامێکى لیژنەى دارایی، داواکاریى نوێ بۆ ئەو هەموارە دروست بووە.