سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا: هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەماندا نییە

15-08-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رەوتی سەدر داوا دەکەن پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنێکی دیکە بکرێت. سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاساش کە بەشێکن لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، "هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەماندا نییە"، بەڵام مەرجیان ئەوەیە کە بەپێی رێکارە یاساییەکان ئەو کارە بکرێت. 
 
جاسم محەممەد جەعفەر، سەرکردەی دەوڵەتی یاسا کە ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقیشە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەماندا نییە و دژی نیین، بەڵام دەبێت بە رێکارە دەستوورییەکان بێت. ئەوەی موقتەدا سەدر داوای دەکات کودەتایە بەسەر دەستووردا."               
 
سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر بڕیار بێت پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕوای وایە کە دەبێت بە قۆناخە یاساییەکاندا تێبپەڕێت. واتا دەبێت پەرلەمان کۆببێتەوە، حکومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت، یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، کۆمیسیۆنێکی نوێ پێکبهێنرێت و لەسەر وادەیەکی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ رێکبکەون. 
 
خۆپێشاندەرانی لایەنگری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دەستیان بەسەر پەرلەمانی عێراقدا گرتووە و تێیدا ماونەتەوە و داوا دەکەن پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە و هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەختە بکرێت کە داواکاریی رێبەرەکەیانە. 
 
سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا گوتی، "برایانی سەدر دەزانن کە پەنابردن بۆ خۆپێشاندان هیچ ئەنجامێکی نییە و تەنیا بۆ ئەوەیە کودەتا بەسەر دەستووردا بکەن، ئەم شێوازە نامانگەیێنێتە چارە. ئێمە پێمان وایە برایانی سەدر دوو چارەیان هەیە: یان بەپێی دەستوور و یاسا کار بکەن یان کودەتا بکەن وەک ئەوەی عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف کردیان." 
 
ئێستا کە لایەنگرانی سەدر لەنێو پەرلەماندان و دانیشتنەکانی پەرلەمان پەکیان کەوتووە، باس لەوە دەکرێت کە دانیشتنی پەرلەمان لە شارێکی دیکە بکرێت.
 
جاسم محەممەد جەعفەر گوتی: "یاسای پەرلەمان ئەو مافەی بە سەرۆکایەتییەکەی داوە کە بەشێک لە دانیشتنەکانی پەرلەمان ببەنە پارێزگاکانی دیکە. پێشتر ئەمە روویداوە، ئەگەر کۆبوونەوەی پەرلەمان لە پارێزگا گەورەکانی دیکە بکرێت، لایەنگرانی سەدر ناتوانن پشێوی بنێنەوە، چونکە لەوێ کەمن."
 
بەپێی یاسا و دەستوور ئەم حکومەتەی ئێستا مافی ئەوەی نییە هەڵبژاردنێکی نوێ سازبکات، بۆیە چوارچێوەی هاوئاهەنگیش سوورن لەسەر ئەوەی سەرەتا حکومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت، دواتر پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە و هەڵبژاردنێکی دیکە بکرێت. 
 
ئەو سەرکردەیەی دەوڵەتی یاسا پێیوایە، ئەگەر حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت، بەهێزییەکەی پەیوەستە بە پێکهاتەکەی و کارنامەکەیەوە. دەشڵێت، "لەو باوەڕەدام ئەگەر زۆر بەهێزیش نەبێت، لەوەی مستەفا کازمی لاوازتر نابێت." 
 
ئێستا لەگەڵ رەوتی سەدر لە دەستنیشانکردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیراندا رۆڵێکی گەورەیان نییە، چونکە لە پەرلەماندا نەماون. 
 
جاسم محەممەد جەعفەر گوتی: "ئەو کاتەی پارتی لە هاوپەیمانێتیی سێقۆڵیدا بوو، چوارچێوە گفتوگۆکانی لەگەڵیدا رانەگرت و مالیکی ئەگەر هەفتانە نەبووایە، ئەوا مانگانە پەیوەندیی لەگەڵ بەڕێز بارزانیدا هەبوو بۆ ئەوەی چارە بۆ ئەم پرسە بدۆزنەوە. ناخوازین برایانی کورد بە دوو بەربژێرەوە بێنە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سیناریۆی 2018 دووبارە ببێتەوە." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە