رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، دوایین ئاماری هاتنی زیارەتکارانی بیانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تائێستا نزیکەی 2 ملیۆن و 788 هەزار زیارەتکار لە رێگەی دەروازەکانی عێراقەوە هاتوون، بۆ ئەوەی بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێندا بکەن.
رۆژی چوارشەممە 14-9-2022، دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ژمارەی زیارەتکاران، کە لە رێگەی 7 دەروازەی سنوورییەوە لە ماوەی 44 رۆژدا هاتوونە نێو عێراق بەم شێوەیەیە:
زرباتییە: یەک ملیۆن و 438 هەزار و 121 کەس
شەلامچە: 664 هەزار و 537 کەس
شیب: 303 هەزار و 626 کەس
مونزرییە: 204 هەزار و 876 کەس
فڕۆکەخانەی نەجەف: 136 هەزار و 710 کەس
سەفوان: 26 هەزار و 218 کەس
فڕۆکەخانەی بەغدا: 14 هەزار و 637 کەس
کۆی گشتی هاتنی زیارەتکاران کە زۆربەیان ئێرانین، لە ماوەی 44 رۆژەدا گەیشتووەتە 2 ملیۆن و 788 هەزار و 725 زیارەتکار، ئەمە جگە لەو زیارەتکارانەی لە رێگەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاتوون.
رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ی مانگی سەفەر/کۆچی لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت. ملیۆنان پەیڕەوکاری شیعە سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن و بە چەندین شێواز ماتەمینی دەگێڕن.
رۆژی چوارشەممە 14-9-2022، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی دەروازەی مێرانی کرد و رایگەیاند: "تائێستا زیاتر لە 3 ملیۆن زیارەتکاری ئێرانی چوونەتە عێراق، بەمەبەستی بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن."
بە گوتەی ئەحمەد وەحیدی لەو سێ ملیۆن زیارەتکارە نیوەیان گەڕاونەتەوە ئێران.
ئەحمەد وەحیدی راشیگەیاند، جوڵەی هاتووچۆکردن لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بەشێوەیەکی ئاساییە، زیارەتکار بەبێ هیچ گرفتێک دەتوانێت هاتووچۆ بکات. هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ هیچ دەروازەیەکی سنووری نییە.
پێشتر، کێشە بۆ زیارەتکارانی ئەفغانی و پاکستانی دروستبوو، بە تایبەتی لە دەروازەی شەلامچە. وەحیدی گوتی: "بە هاوئاهەنگی پاسەوانی سنوور و حکومەتی عێراق، کێشەکەیان چارەسەرکراوە، دەتوانن بەبێ هیچ گرفتێک بچنە نێو عێراق."
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، حوسێنی کوڕی عەلی، کچەزای محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە شاری کەربەلا، لەگەڵ خێزان و دەیان لە کەسوکار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی موعاوییە کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ