هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق؛ کێ دەنگ بە کێ دەدات؟

13-10-2022
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق کۆببێتەوە، هەندێک لە فراکسیۆنەکان هەر لە ئێستاوە یەکلایی بوونەتەوە دەنگ بە کام لەو 40 بەربژێرەی سەرۆککۆمار دەدەن، هەندێکیشیان دەنگدانەکەیان بە نهێنی هێشتووەتەوە، دوو فراکسیۆن و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆش بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کردووە.
 
بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرێت و کاژێر 11:00 بۆ دانیشتنی پەرلەمان دیاریکرابوو، بەڵام دانیشتنەکە بۆ ماوەی دوو کاژێر و تاوەکو کاژێر 13:00 دواخراوە.
 
دەوڵەتى یاسا: یەکلایی بووینەتەوە

هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا، کە لەلایەن نوورى مالیکى سەرۆکایەتی دەکرێت، خاوەنى 38 کورسیی پەرلەمانى عێراقە وەکو پەرلەمانتارانى ئاماژەى بۆ دەکەن، بڕیاریان داوە کە دەنگ بە لەتیف رەشید، بەربژێرى سەرۆککۆمار بدەن.

عارف حەمامی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "فراکسیۆنەکەمان پشتیوانیى پێشنیازى پارتى دیموکراتى کوردستان دەکات بۆ دەنگدان بە لەتیف رەشید، بەربژێرى پۆستى سەرۆککۆمار لە بەرامبەر کشاندنەوەى بەرهەم ساڵح، بەربژێرى یەکێتى و رێبەر ئەحمەد، بەربژێرى پارتى". گوتیشى، "بڕیارمان داوە ئەگەر تەنانەت بەرهەم ساڵح نەکشێتەوە، هەر دەنگ بە لەتیف رەشید دەدەین."

هاوپەیمانیى فەتح دەنگ بە بەرهەم ساڵح نادات

هاوپەیمانیی فەتح بە سەرکردایەتیى هادى عامرى، کە خاوەنى 31 کورسیی پەرلەمانی عێراقە، بڕیاریداوە دەنگ بە لەتیف رەشید، بەربژێرى سەرۆککۆمار بدات.

رەفیق ساڵحى، ئەندامى  فراکسیۆنى فەتح لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، "بڕیارمان داوە لەپێناو کۆتاییهێنان بە بنبەستى سیاسى دەنگ بە لەتیف رەشید، بەربژێرى سەرۆککۆمار بدەین وەکو بەربژێرێکى نێوەند."

پارتى بەربژێرەکەى کشانەوە

پارتى دیموکراتى کوردستان کە خاوەنى 31 کورسیی پەرلەمانى عێراقە، رۆژی 13ى تشرینى یەکەمى 2022 بەربژێرەکەی بۆ پۆستى سەرۆککۆماری عێراق کە رێبەر ئەحمەد بوو، کشاندەوە.

شێروان دووبەردانى، ئەندامى پەرمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بڕیارمان دا بەشداریى کۆبوونەوەى پەرلەمان بکەین بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار و بەربژێرەکەمان بکشێنینەوە و دەنگ بە لەتیف رەشید بەربژێرى سەرۆککۆمار بدەین."

یەکگرتوو پەرلەمانتارەکانى سەرپشک دەکات

یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان کە خاوەنى چوار کورسیی پەرلەمانى عێراقە، بەشداریى کۆبوونەوەى پەرلەمان دەکات بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار.

جەمال کۆچەر، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "بڕیارمان داوە بەشداریى کۆبوونەوەى پەرمان بکەین." ئاماژەی بەوەش کرد، "پەرلەمانتارەکانمان سەرپشک کردووە کە دەنگ بە کام بەربژێرى سەرۆککۆمار بدەن."

حیکمەش دەنگ بە لەتیف رەشید دەدات

هاوپەیمانیی هێزەکانى دەوڵەتى نیشتیمانى، کە خاوەنى 11 کورسیی پەرلەمانى عێراقە عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمە سەرۆکایەتیی دەکات بڕیاریان داوە کە دەنگ بە لەتیف رەشید بدەن.

ئەحمەد عیساوى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئێمە وەک بەشێک لە چوارچێوەى هاوئاهەنگى هاوپەیمانیمان لەگەڵ یەکێتى هەیە نەک بەرهەم ساڵح کە بەربژێرێتى، پێشبینی دەکەین لەتیف رەشید لەنێو پەرلەمانى عێراق هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار بباتەوە."

بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بڕیاری سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی هێزەکانى دەوڵەتى نیشتمانى ئەوەیە دەنگ بە لەتیف رەشید بدەن.

یەکێتى سوورە لەسەر بەربژێرکردنی بەرهەم ساڵح

یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان کە خاوەنى 18 کورسیی پەرلەمانى عێراقە رژدە لەسەر بەربژێرکردنى بەرهەم ساڵح بۆ پۆستى سەرۆککۆمار.

رۆژی 13ى تشرینى یەکەمى 2022 یەکێک لە پەرلەمانتارانى ئەو فراکسیۆنە کە لەبەر هەستیاریى دۆخەکە نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "رژدن لەسەر بەربژێرکردنى بەرهەم ساڵح بۆ پۆستى سەرۆککۆمار و گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنەکانى دیکە کردووە، بڕیاریان داوە کە یەکلاییکردنەوەى ئەو پرسە ببەنە پەرلەمانى عێراقەوە لەڕێگەى دەنگدانەوە."
 
هەروەها بزووتنەوەی بابلیون کە خاوەنی چوار کورسییە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دەنگ بە بەرهەم ساڵح دەدەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی بیرەکان لە ئاسمانەوە.

400 بيرى مێژوویی لە سنوورى نێوان عێراق و ئێران دەدۆزرێنەوە

400 بیرى شاقولى لە سنوورى نێوان عێراق و ئێران دەدۆزرێنەوە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستا، بەگوتەى بەرپرسێکى شوێنەوارى میسان بیرەکان لەو جۆرانەن، کە لە هەرێمى کوردستان بەکارهێندراون.