رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە هێرشی سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکەیان لەنێو فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە کراوە.
شەوی سێشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2024، هێرشکرایە سەر ناوەندی خزمەتگوزاری دیپلۆماسی بەغدا، کە ناوەندێکی دیپلۆماسی ئەمریکییە.
رۆژی هەینی، 13ـی ئەیلوول، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دووپاتی کردەوە کە هێرشەکە هیچ زیانێکی نەبووە. دەشڵێت، گرووپە چەکدارەکان "بە ئازادی لەنێو عێراق دا دەسووڕێنەوە."
هاوکات، هەڕەشەی ئەوەش دەکات کە ئەوان هەموو مافێکیان هەیە بۆ ئەوەی لە هەر کوێیەکی جیهان بێت، بەرگریی لە خۆیان بکەن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا وێنەی پاشماوەی هێرشەکەی بڵاوکردووەتەوە کە چەند پارچە ئاسن و تەلی تێدایە.
پێشتر، رۆژی چوارشەممە، 11ـی ئەیلوول، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی ئیمێڵێکی رووداو دا گوتی: "نزیک کاژێر 23:00ـی سێشەممە، هێرشکرایە سەر ناوەندی خزمەتگوزاریی دیپلۆماسیی بەغدا کە دامەزراوەیەکی ئەمریکییە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداوی پشتڕاستکردەوە کە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە و "لێکۆڵینەوە لە زیانەکان و هۆکارەکەی دەکەین."
رۆژی چوارشەممە، لەدوای هێرشەکە، جەعفەر حوسێنی، گوتەبێژی سەربازیی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی بەغدا دەستی گوماناویی لەپشتە، ئامانجەکەی شێواندنی سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانە بۆ بەغدا.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاریێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام لەم چەند مانگی رابردوودا، گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران چەند جارێک هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، لەنێویدا ئەو بنکە سەربازیانەی هێزەکانی ئەمریکایان تێدایە.
هێرشەکان بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان بە تایبەتی لەدوای 7ـی ئۆکتۆبەری پار زیادیان کرد؛ کاتێک جەنگی غەززە دەستیپێکرد.
لەو کاتەشەوە، ئەو هاوپەیمانییەی خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبات، بەرپرسیاریێتیی خۆی لە دەیان هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ