رووداو دیجیتاڵ
دوای 12 ساڵ، یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی مادەی 140ـی پەرلەمان و حکومەت کرا. ھادی عامری، سەرۆکی لیژنە حکومییەکەی مادەی 140 دڵنیایی دەدات لەوەی بە رژدی کار بۆ جێبەجێکردنی مادەکە دەکەن.
ھادی عامری، سەرۆکی لیژنەی حکومەت تایبەت مادەی 140 گوتی "با ھەموو پەرلەمانتاران گوێیان لێبێت؛ جاری وا ھەیە داوای هەڵاوێردن دەکەن، لەمەودوا ئەمە نییە. لەمەودوا دابەشکردنەکە بە قۆناخ دەبێت. بەپێی کۆنترین مامەڵە کار دەکەین. لە قۆناخی یەک، دوو، سێ و چوار خەڵک ھەیە مامەڵەی تەواو نەبووە، ئەوانە رێکدەخەین، ئەوانەی دواکەوتوون ئەوانە بەڕێدەکەین، دواتر قۆناخی نوێ دەستپێدەکەین و ھاوئاھەنگیشمان لەگەڵ پەرلەمان زۆر باشە، بەڵام ھیچ هەڵاوێردن نییە."
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر چۆنیێتی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، جێبەجێکردنی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی "سەرکردایەتیی شۆڕشی تایبەت بە کاروبارەکانی باکوور" و، دوورخستنەوەی سوپا لە ناوچە کشتوکاڵییەكان کرا.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی مادەی 140 بە رووداوی راگەیاند "لەگەڵ سەرۆکوەزیران قسەم کردووە و لیژنەیێکی باڵا دروستدەکەین بۆ ئەوە بچینە کەرکووک تاوەکو رێگری بکەین لەوەی سوپا دەستوەردان لە کاروباری برا جووتیارەکانمان بکات. ئەمڕۆ (یەکشەممە، 13-8-2023) بە ئامادەبوونی ھادی عامری، کە سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکارە و بە ئامادەبوونی ھەموو ئەندامانی لیژنە، بڕیاردرا سوپا دووربخرێتەوە لە بابەتی رێگرییەکان، چونکە ئەمە پێچەوانەی دەستوورە."
تائێستا 439 ھەزار مامەڵەی مادەی 140 لەبەردەستی لیژنەی حکومەتدایە، بەڵام پارەی پێویست بۆ قەرەبووکردنەوەیان لەبەردەستدا نییە.
دوای نزیکەی 12 ساڵ، جارێکی دیکە لیژنەی مادەی 140 کاراکرایەوە و بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی مادەکە دەیانگرێتەوە، پێویستییان بە چوار تریلیۆن دینارە، کەچی حکومەتی عێراق تەنھا 200 ملیار دیناری بۆ تەرخانکردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ