وەزارەتی كشتوكاڵ: عێراق بەشی خۆبژێوی ناوخۆی بەرهەمی مریشك دابین دەكات

12-04-2021
سەمیع زوبێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رایگەیاند، بەمنزیكانە عێراق بەشی بژێوی ناوخۆی بەرهەمی مریشك دابین دەكات، زیاتر لە 6 هەزار كێڵگەی پەلەوەریش لە عێراق هەن.
 
حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەمزووانە عێراق بەشی خۆبژێویی ناوخۆی بەرهەمی مریشك دابین دەكات، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندەش لە توركیا، ئێران و سووریا، وەزارەتی كشتوكاڵ هاوردەكردنی مریشكی لەو وڵاتانە سنوورداركردوە".
 
هەروەها نایف ئاماژەی بەوەش دا، "دوای بڕیارەكانی ئەمدواییەی حكومەتی عێراق  لەبارەی كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان، ئێستا عێراق خاوەنی 6 هەزار پەلەوەرخانەیە و بە رێژەی 80%ی بەرهەمی هێلكەی لە ناوخۆ دابینكردوە".
 
پشتگیریكردنی جوتیاران و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی مانگی رابردوو وەزارەتی كشتوكاڵ هاوردەكردنی 23 بەرهەمی كشتوكاڵی و ئاژەڵی قەدەخەكرد، بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ، بڕیارەكە بەرهەمەكانی باینجان، خەیار، كەلەرم، قەرنابیت، گێزەر، نبق، پەتاتە، خاس، سیر، كولەکە، بیبەر، تەماتە، شێلم، چەوەندەر، پیاز، پاقلەی سەوز، هەنگوین، خورما، هێلكە، مریشكی زیندوو، مریشكی بەستوو، ماسی رووبار و ماسی بەستوو دەگرێتەوە، مەبەست لە بڕیارەكەش پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، ئاسایشی خۆراك، پشتگیریكردنی ئابووریی وڵات، رێگرتن لە قاچاخچێتی، هاوكاریكردنی جووتیاران و پەلەوەرخانەکانە".
 
نزیکەی سێ هەفتە پێش ئێستا نرخی مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە، بە جۆرێک کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە 2500 دینارەوە بووە 3250 دینار.
 
نازم عەبدوڵڵا، خاوەنی پەرلەوەرخانەیەک سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشک بە رووداوی راگەیاند: "هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێستا خاوەنی پەلەوەرخانەکان جووجەڵەیان دەستناکەوێت".
 
بە گوتەی ئەو خاوەن پەلەوەرخانەیە، بەهۆی کەمی جووجەڵەوە، نرخەکەشی بەرزبووەتەوە، پێشتر جووجەڵەیەکیان بە 35 سەنت دەکڕی، ئێستا بە 80 سەنتیش دەستناکەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە