رووداو دیجیتاڵ
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوانیان، بڕیاری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆببنەوە. سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاساش کاتی کۆبوونەوەکە ئاشکرا دەکات.
شێخ حەیدەر لامی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بە (تۆڕی میدیای رووداو) راگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی دووشەممە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر دۆخی چەقبەستووی سیاسی وڵات بکەن.
شێخ حەیدەر لامی ئاماژەی بەوەدا ناکرێت لە یەک دانیشتندا هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن و یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان مالیکی و سەدر، یاخود خستنەڕووی ناوێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، دەرگایەکی نوێی بە رووی کۆمەڵێک پرسدا کردەوە، لەوانە بەرنامەی قۆناخی داهاتوو، دابەشکردنی پۆستە گرنگەکان. پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەش "ئەرێنی" بووە.
شێخ حەیدەر لامی، رەتیکردەوە فاکتەری دەرەکی لەوانەش کۆماری ئیسلامی ئێران رۆڵی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان مالیکی و سەدردا هەبووبێت و دەڵێت: "ئەگەر فاکتەری دەرەکی رۆڵی هەبووایە، ئەوا پێشتر هەوڵی لەم شێوەیە دراون".
بەبڕوای سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا، چارەسەری دۆخەکە لەلای سەرکردە گەورەکانە. دەشڵێت: "ناکرێت حکومەتی نوێی عێراق بەبێ چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکبهێنرێت، تەنانەت سەدریش گەیشتووەتە ئەو باوەڕە، بۆیە پەیوەندی بە مالیکییەوە کردووە. چارەسەریش لە بەغدایە، نەک لە حەنانە".
رۆژی پێنجشەممە، 11ی ئاداری 2022، نووسینگەی رێبەری رەوتی سەدر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، موقتەدا سەدر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، محەممەد حەلبووسی، نووری مالیکی و خەمیس خەنجەر بە تەلەفۆن قسەی کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی (تۆڕی میدیایی رووداو)، موقتەدا سەدر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە نووری مالیکی راگەیاندووە، جەعفەر سەدر بەربژێریانە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران. مالیکیش بە سەدری راگەیاندووە، ئەوان لاریان نییە، بەڵام دەبێت هێزەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببنەوە، هاوکات پرسیاری ئەوەشی کردووە، ئەی چۆن گەورەترین فراکسیۆن پێکدەهێنرێت، سەدر گوتوویەتی کە ئەو خۆی پێکیدەهێنێت، ئەمەش لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی نیگەران کردووە، چونکە ئەوان دەیانەوێت هەمووان پێکەوە گەورەترین فراکسیۆن پێکبهێنن.
هاوکات هەریەک لە محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان و خەمیس خەنجەر لەگەڵ موقتەدا سەدر قسەیان کردووە، سوننەکان کەمتر لەگەڵ ئەو هەنگاوەن، بڕیاریشە ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گەنگەشەکردنی ئەو بابەتە کۆببێتەوە.
هەروەها بڕیار بوو رۆژی شەممە 12-03-2022 کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان سەدر و پارتی و سوننەکان بکرێت، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ