رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، تاوەکو رۆژی شەممە 10-09-2022 زیاتر لە دوو ملیۆن زیارەتکار هاتوونەتە عێراق و زۆرترین زیارەتکاریش لە دەروازەی زڕباتییەوە هاتوونەتە ناوەوە.
رۆژی یەکشەممە 11-09-2022، عەلائەددین قەیسی، گوتەبێژی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو دوێنێ زیاتر لە دوو ملیۆن زیارەتکار هاتوونەتە عێراق. لە دەروازە سنوورییەکاندا بۆ رایکردنی کاروباری زیارەتکاران هیچ کێشەیەکمان نییە و بە ئاسانی دێنە خاکی عێراقەوە."
گوتەبێژی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە هەر بە سیستمی پاسپۆرت کار دەکەن و هەر زیارەتکارێک کە دێتە خاکی عێراقەوە دەبێت پاسپۆرتی پێ بێت و هیچ زیارەتکارێکیش ناتوانێت بەبێ پاسپۆرت بێتە عێراق.
عەلائەددین قەیسی گوتی: "زۆرترین ژمارەی زیارەتکاران کە هاتوونەتە عێراقەوە لە دەروازەی زڕباتییەوە بووە، هۆکارەکەیش ئەوەیە کە ئەو دەروازەیە لە مەزارگە پیرۆزەکانەوە زۆر نزیکە."
لەبارەی ئامادەکاری لە دەروازەکان بەهۆی هاتنی زیارەتکارانی ئێرانییەوە، گوتەبێژی دەروازە سنوورییەکانی عێراق باسی لەوە کرد، لە دەروازە سنوورییەکان تیمە تەندروستییەکان و ئەمبووڵانسەکان کراونەتە دوو هێندە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ