وردەکاریی کوشتنی مێرمنداڵێک لە بەرتلە لەلایەن باوکییەوە لەسەر شکاندنی ئایپادێک

11-06-2023
هونەر رەشید
ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی منداڵەکە و پرسەکەی
ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی منداڵەکە و پرسەکەی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندێکی سەر بە ناحیەی بەرتلەی پارێزگای نەینەوا، سەجادی تەمەن 14 ساڵان لەلایەن باوکییەوە بە پەنجەرەیەکەوە دەبەسترێتەوە و تاوەکو رووح لە لاشەی دەرچووە، بە کێبڵ ئەشکەنجەدراوە. 
 
ئەو خێزانە کوردی شەبەکن و خەڵکی گوندی خەزنەن لە ناحیەی بەرتلەی دەستی نەینەوا. بەپێی گوتەی مامی سەجاد، باوکی لەسەر ئەوە ئەشکەنجەی داوە کە ئایپادی خوشکەکەی شکاندووە. 
 
جەلال ئیلیاس، مامی سەجادە و دەڵێت: "هیچ رێی تێناچێت کەسێک ئاگای لەخۆی بێت و کوڕی خۆی بکوژێت، ئەو کەسە دۆخی ئێستا زۆر زۆر خراپە و لە زیندان چوار بۆ پێنج جار هەوڵی خۆکوشتنی داوە. ئەوە شتێک بووە لە دەستی دەرچووە و ئێستا زۆر پەشیمان بووەتەوە."
 
جەلال ئیلیاس باسی لەوەشکرد، باوکی سەجاد دوای ئەوەی لە کوڕەکەی داوە، پەشیمان بووەتەوە و بردوویەتی بۆ نەخۆشخانە. 
 
عەلی ئەسکەندەر، بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتلە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو باوکە دەستگیرکراوە. "موختارى گوندەکە پێى راگەیاندم رووداوێک هەیە کە باوکێک کوڕەکەى خۆى کوشتووە، پرسیارى هۆکارەکەیم لێکرد، پێى گوتم کە منداڵەکەمان بردووە بۆ نەخۆشخانە، پەیوەندیم بە ئەفسەرى بنکەوە کرد، گوتى مەفرەزەیەکمان ناردووە بۆ شوێنى رووداوەکە و باوک و برایەکى لە نەخۆشخانە لەگەڵ منداڵەکە بوون، بۆیە تاوانبارەکە دەستگیرکرا." 
 
سەجاد کوڕی گەورەی ماڵەکە بووە و سێ خوشک و دوو برای هەبوو؛ دوای ئەوەی تەرمەکەی رەوانەی دادپزیشکی کراوە، دەرکەوتووە کە لە سکماکییەوە تەنیا گورچیلەیەکی هەبووە و خێزانەکەی دوای مردنی پێیان زانیوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە