رووداو - هەولێر
سەرۆکی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرکردە لە هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان (سوننە)، پێیوایە تاکە رێگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دانیشتنی رووبەڕووە. سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئێمە نەبووینەتە ئاستەنگ لەبەردەم خەونی سەربەخۆیی، بەڵکو سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان و بارودۆخی تایبەتی ناوچەکە بووتە ئاستەنگ".
مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و داهاتووی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "تاکە رێگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا پێموایە دانیشتن و دیالۆگە رووبەڕووی یەکدی لە رێگەی لیژنەی هونەری و تایبەتمەند، ئەو کۆبوونەوانە کۆتاییان پێنەهێندرێت تا رێگاچارەیەک بەپێی دەستوور و یاساکان دەدۆزرێتەوە".
سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بۆ کۆتایی هاتنی ئەو کێشانە وەکو چارەسەر، مەحموود مەشهەدانی، دەڵێت: "هەر لە کۆنەوە لەسەردەمی شەرفخانەوە کورد خەونی ئەوەی هەبووە دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، ئەمەش مافێکی رەواو یاساییە بۆ هەموو گەلێک، بە تایبەت داڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی و دروستبوونی چەندین دەوڵەتی عەرەبی، تەنیا نەتەوەی کورد نەبێت بەو خەونەی نەگەیشتووە".
مەشهەدانی گوتی: "بەڵام ئەوە ئێمە نین بووینەتە ئاستەنگ لەبەردەم ئەو خەونە، بەڵکو ئەو خەونە پەیوەستە بە سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان و بارودۆخی تایبەتی ناوچەکە، بۆیە لەسەر سەرکردایەتی کورد پێویستە ئەو ئاستەنگیانە نەهێڵێت و بەپێی دەستووریش گشتپرسی لەسەر پرسی سەربەخۆیی ئەنجام بدات".
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، پێیوایە: "ئەگەر گشتپرسی ئەنجامدراو، سەرکردایەتی کورد بتوانن سەربەخۆیی کوردستان رابگەیێنن و دەوڵەتی کوردی دروستبکەن، ئێمە کێشەیەکمان نابێت، بەڵکو کورد کێشەی لەگەڵ وڵاتانی جیهان و سیاسەتی جیهان و وڵاتانی دراوسێی دەبێت، نەک لەگەڵ ئەو برایانەیان کە ئێستا لە عێراق لەگەڵیانن".
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ