رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری نەینەوا ئامادە نییە فەرمانی کارگێڕیی بۆ ئەو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیانە دەربکات کە ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەنگی لەسەر داون. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنەکە دەڵێت، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەو پرسە یەکلا دەکاتەوە.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەنگی لەسەر لابردن و دانانی ئەو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیانە داوە.
بەڵام وەک سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی باسی دەکات، راستە عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا 14 قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی لە پۆستەکانیان دوورخستووەتەوە، بەڵام ئامادەش نییە، قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە تازەکان دابنێت، کە ئەنجوومەن دەنگی پێداون. ئەنجوومەنیش سوورە لەسەر دانانیان.
دوێنێ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ دووەمجار نووسراوی بۆ پارێزگار کردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و دەرکردنی فەرمانی کارگێڕیی بە دەست بەکاربوونیان.
محەممەد جاسم کاکەیی گوتی: "پارێزگار نەینەوا هێشتا ئامادەنییە فەرمانەکە دەربکات، بە پاساوی ئەوەی میکانیزم و چۆنیەتی دەنگدانی ئەمانە کەموکورتی تێدایە، بۆیە پارێزگار 15 رۆژی لەبەردەمە بۆ وەڵامدانەوە."
محەممەد کاکەیی دەڵێت، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە بڕیارە پارێزگاری نەینەوا نووسراو بۆ دادگەی فیدراڵی بکات. ئەوکات دادگای فیدراڵی چ بڕیارێک بدات، هەموولایەک پێوەی پابەند دەبن.
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارەکەی ئەنجوومەن "نایاسایی" بووە بۆ هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا روونیکردەوە، لە ئەنجوومەن دەرگەی بەربژێرکردن نەکراوەتەوە، لیژنە پێکنەهێنراوە بۆ وەرگرتنی سڤییەکان و وردبینی لە پاشخانیان، هەروەها دەبێت بەربژێرەکان دۆسیەکانیان رەوانەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری بکرێت، لەگەڵ دادگاکان بزانرێت هیچ دۆسیەیەکیان لەسەر نییە لەگەڵ دڵنیابوون لە بڕوانامەکانیان. هەموو ئەمانە نەکراوە. بۆیە پێویستە جارێکی دیکە دەرگای بەربژێربوون بکرێتەوە و بەو پرۆسەیە تێپەڕێت.
ئەو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیانەی لە پۆستەکانیان دوور دەخرێنەوە.
- رزگار محەممەد ئیسماعیل، قایمقامی قەزای مەخموور
- ئەحمەد یوسف حەماد، قایمقامی قەزای بەعاج
- عیسام بهنان مەتی، قایمقامی قەزای حەمدانییە
- بەسمان ئەحمەد سوڵاتان، قایمقامی قەزای حەزەر
- محەممەد کەنعان خەلیل، بەڕێوەبەری ناحیەی تەل
- ئەحمەد عەبید عیسا، بەڕێوەبەری ناحیەی نەمروود
- خالد محەممەد مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی حەمام عەلیل
- عەلی محەممەد فەتحی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتلە
- نەشئەت سادق محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عیازییە
- نایف سەیدۆ قاسم، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ
- ساڵح حەسەن عەلی، بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە
- ئەحمەد جەعفەر عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار
- غەزووان حامد حەمید، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك
- عەلی محەممەد ساڵح بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ
بێ بەشداری فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، رۆژی 02-07-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی کارگێڕی کرد.
دوای ئەو گۆڕانکاریانە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوو. بەرەی یەکەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کە لە بەشێکی سوننەکان و پارتی پێکهاتووە و لەدوای گۆڕانکارییەکانەوە بۆ ماوەیەک دانیشتنەکانی ئەنجوومەنیان هەڵپەسارد. بەرەی دووەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو، کە 16 کورسی هەیە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشێکە لێی.
یەکێتی کە دوو کورسیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەیە، سێ پۆستی وەرگرتووە کە بریتین لە قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ و بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ. ئەو پۆستانە لە دەست پارتی دیموکراتی کوردستانن کە ئەو گۆڕانکاریانە رەتدەکاتەوە. تاوەکو ئێستاش گۆڕانکارییەکان نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە کە سێیان کۆتان (کریستیان، کوردانی ئێزدی و کوردی شەبەک). پارتی دیموکراتی کوردستان 4 ئەندام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 2 ئەندامی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ