رووداو دیجیتاڵ
پارێزگارى واست داوا لە دەستەى دەستپاکیى عێراق دەکات لێکۆڵینەوە لە دەروازەى سنووریى پارێزگاکەى بکات بەتۆمەتى ئەوەى لێخوشبوونى بۆ 80%ـى ئەو بارهەڵگرانە کردووە کە لەو دەروازەیەوە چوونەتە نێو شارەکە. پەرلەمانتارێکى عێراق لە پشکى واست دەڵێت: "بەهۆى ئەو هەنگاوە داهاتى شارەکە لە یەک ملیارەوە بۆ 200 ملیۆن دینار کەمی کردووە".
بەگوێرەى نووسراوێکى "نهێنى" کە لە 3ى تشرینى دووەمى 2022 ئاراستەى دەستەى دەستپاکیى عێراقى کردووە، محەممەد مەیاحى، پارێزگارى واست داوا لەو دەستەیە دەکات دۆسیەى لێکۆڵینەوە لەسەر دەروازەى سنووریى زرباتیەى ئەو پارێزگایە بکاتەوە، بەهۆی ئەوەى لە مانگى تشرینى یەکەمى 2022، رێژەى لێخوشبوونى گومرگى لەسەر بارهەڵگرەکان لەو دەروازەیە گەیشتووەتە 80%، لە کۆى 11 هەزار و 201 بارهەڵگر کە لەو دەروازەیەوە چوونەتە پارێزگاى واست، لێخۆشبوون بۆ هەشت هەزار و 185 بارهەڵگر کراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "ئەو لێخۆشبوونەى دەروازەى سنووریى زرباتیە بەهەدەردانى پارەى لێکەوتووەتەوە، ئەوە جگە لەوەى کە بەشێک لەو لێخۆشبوونانە دامەزراوەى حکومى و ئەو وەبەرهێنەرانەى گرتووەتەوە کە پڕۆژەى نیمچە وەهمییان هەیە، پێویستە بەڵگەنامەکانى تایبەت بەو دۆسیەیە لە دەستەى گشتیى گومرگ داوا بکرێت لە ساڵى 2019 هەتاوەکو ئێستا".
پارێزگاى واست لە باشوورى عێراق هاوسنوورى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانە، دەروازەى سنووریى زرباتیە یەکێکە لە رێگەکانى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتە لە سنوورى شارى میهران.
حوسێن نجێمى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى پارێزگاى واست بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "رێژەى لێخوشبوونى گومرگ لە دەروازەى زرباتیە زۆر زیاترە لە دەروازەکانى دیکە، لەگەڵ پارێزگار داوامان کردووە کە لە کێشەکە بکۆڵنەوە و چارەسەرى بکەن".
بەهۆى قەیرانى ئابوورى لە جیهان و بەزربوونەوەى نرخى خۆراک و شتوومەک، حکومەتى عێراق لە مانگى ئادارى ئەمساڵ بڕیاری دا گومرگ لەسەر چەند پێداویستییەکى خۆراک هەڵبگرێت بۆ رێگرى لە بەرزبوونەوەى نرخ لەنێوخۆیدا.
ئەوە لەکاتێکدایە بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیی 2021، پێویستە 50%ـى داهاتى دەروازە سنوورییەکان بۆ نۆژەنکردنەوەى ئەو دەروازانە و ناوچەکانى دەوروبەرى ئەو پارێزگایانە تەرخان بکرێت، کە دەروازەکەى تێدایە.
حوسێن نجێمى گوتیشى: "پێشتر لە رێگەى ئەو دەروازانەوە مانگانە زیاتر لە ملیارێک دینار وەک داهات بۆ پارێزگاى واست دەگەڕایەوە، بەڵام ئێستا بڕەکەى لەنێوان 200 بۆ 300 ملیۆن دیناردایە، مانگانە 10 هەزار ئۆتۆمبێل لەو دەروازەیەوە دێتە ناوسنوورى عێراق، بەڵام لێخۆشبوون بۆ 8000 بارهەڵگر دەکرێت لەکاتێکدا ئەو رێژەیە لە دەروازەکانى دیکە نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ