رووداو دیجیتاڵ
عێراق و سعودیە پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان دەدەن. بڕیارە پەرلەمانی عێراق یاسایەکی تایبەت بە پاراستنی وەبەرهێنانی سعودیە لە وڵاتەکەی دەربکات.
محەممەد خەریف، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی سعودی - عێراقی دەڵێت: بەپێی خەمڵاندنی ئەنجوومەنەکەیان، قەبارەی بازرگانیی نێوان ئەو دوو وڵاتە گەیشتووەتە ملیارێک و 330 ملیۆن دۆلار.
ئەنجوومەنەکە دەڵێت، کار لەسەر زیادکردنی وەبەرهێنانی سعودیە لە عێراق دەکەن، ئەوەش "بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی سێکتەری حکومی و تایبەت".
ئەنجوومەنی بازرگانیی سعودی - عێراقی لە راپۆرتێکدا باسی لەوەکردووە، عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ دەرکردنی یاسایەک لەپێناو پاراستنی وەبەرهێنانی دوولایەنەی نێوان سعودیە و عێراق. لە مانگەکانی داهاتووشدا ئەو پرسە لە پەرلەمان تاوتوێ دەکات.
راگەیێندراوەکە لەکاتی کۆبوونەوەیەکی فەرمی بوو لە نێوان حەسەن حوەیزی، سەرۆکی فیدراسیۆنی ژوورە بازرگانییەکانی سعودیە و شەعلان کەریم، سەرۆکی لیژنەی دۆستایەتیی سعودیە - عێراق لە ریازی پایتەختی سعودیە.
بەرپرسە عێراقییەکە بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سعودیە لەو وڵاتەیە. لە کۆبوونەوەکانیشدا باس لە هاوبەشیی بازرگانی و وەبەرهێنان دەکرێت.
لە نیسانی ئەم ساڵدا، سعودیە و عێراق 12 یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان.
لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، عێراق و سعودیە رێککەوتنێکی هاوبەشیان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی تایبەت واژۆ کرد.
لە تشرینی دووەمیشدا خالید فالح، وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە رایگەیاند، وڵاتەکەی تاوتوێی دامەزراندنی یەکەمین ناوچەی ئابووریی ئازاد دەکەن لەسەر سنووری نێوانیان.
خالید فالح راشیگەیاندبوو، هیواخوازە ئەوە ببێتە یەکەمین هەنگاوی هاوشێوەیان لەگەڵ وڵاتێکی هاوسنوور کە بەبێ باج و ڤیزا ئاسانکاریی بۆ وەبەرهێنەرانی هەردوولا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ