رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە بەغدا، لیژنەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو لە وەزارەتی دارایی عێراق کۆبووەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەی راسپێردراو بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، ئەمڕۆ دووشەممە، 10ی شوباتی 2025، بە سەرۆکایەتی محەممەد حەمزە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی دارایی کۆبووەوە، بۆ تاوتوێکردنی تەواوکردنی کارەکان بەگوێرەی فەرمانی دیوانی ژمارە 24660ی ساڵی 2024.
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی، نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ ئەندامانی نوێنەرایەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەبوون .
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو، بەڵام راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی هیچ ئاماژەیەکی بە نوێنەری هەرێمی کورستان نەداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "نوێترین پێشهاتەکانی تایبەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی یاساکە و تەواوکردنی رێکارە پێویستەکان تاوتوێکران، وەک ئامادەکارییەک بۆ بەرزکردنەوەی راسپاردە کۆتاییەکان بۆ پەسندکردن".
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی شوباتی 2025 لە راگەیێندراوێکیدا گوتی: "دوای کۆبوونەوەی لیژنەی سەرەکیی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بەهاوتاکردنی مووچەی خانەنشیان لە شاری بەغدا، لیژنەکە لەسەر چۆنیێتیی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق گەیشتنە رێکكەوتن."
وەزارەتەکە دەڵێت: "رێککەوتنەکە بەجۆرێک دەبێت؛ ئەو هاوتاکردنەی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەمووزی ساڵی 2024 تایبەت بە خانەنشینانی مەدەنی جێبەجێی کردووە، هاوشێوەی خانەنشینانی حکومەتی فیدراڵە و وەک خۆی جێبەجێ کراوە."
هەر ئەمڕۆ، ماهیر حوسێن، سەرۆکی دەستەی خانەنشینیی گشتیی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لیژنەیەک بە فەرمانێکی دیوانی لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران پێکهاتووە، ئەو لیژنەیە دوو جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. داواکارییەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان رەوان و داوامان لە فەرمانگەکانمان کردووە بە دەنگ داواکارییەکانەوە بچن."
ماهیر حوسێن دەڵێت: "ئەو لیژنەیە، کار بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دەکات، بۆیە لیژنەکەمان لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی هاوبەشیان لەسەر ئەو بابەتە ئاراستەی لیژنەی باڵای خانەنشینی کردووە و، لە ماوەیەکی نزیکدا کارەکان تەواو دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ