وەزارەتی شەهیدان: بۆ پشکنینی DNA نموونەی خوێن لە 160 کەس وەرگیراوە

10-01-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەی پێنج ساڵە لە بیابانەکانی پارێزگای سەماوە، گۆڕێکی بەکۆمەڵ هەڵدراوەتەوە و رووفاتی 171 ئەنفالکراوی تێدا دەرهێنراون و براونەتە دادپزیشکیی بەغدا. گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 160 کەس لە هەرێمی کوردستان سامپڵی خوێنیان لێوەرگیراوە بۆ پشکنینی DNA.
 
عادل مەلا ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم کەریم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، لەو ژمارەیەی کە نموونەی خوێنیان لە وەرگیراون 100 کەسیان دانیشتووی ناوچەکانی گەرمیان و 60 کەسیان خەڵکی چەمچەماڵن. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاماژەی دەڵێت، بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکان، حکومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی نەناوە، هیچ بودجەیەکی تەرخان نەکردووە، بەڵکو پشکنینەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەتاوانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن.
 
لەبارەی دانانی وادەیەکی دیاریکراو بۆ گێڕانەوەی رووفاتەکان، عادل مەلا ساڵح گوتی، "هەموو هەوڵێکی ئێمە ئەوەیە پێش ساڵیادی تاوانی ئەنفال لە 14-4 رووفاتەکان بگێڕینەوە زێدی خۆیان، ئەگەر حکومەتی عێراق ئاستەنگ دروست نەکات."
 
لە دوایین کۆبوونەوەی ساڵی 2022ـی ئەنجوومەنی وەزیراندا، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێشنیازی ئەوەی کرد لەبری ئەوەی زەویی نیشتەجێبوون بدرێتە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دروستبکرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت، "ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی شەهیدان، ئاوەدانکردنەوە، شارەوانی، داد، دارایی، کشتوکاڵ و دەستەی وەبەرهێنانی راسپاردووە بۆ ئەو پرسە، تائێستا ئەو پرسە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە."
 
عادل مەلا ساڵح دەشڵێت، "لە ماوەی رابردوودا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەرخانکردنی 11 هەزار و 141 پارچە زەوی بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی، بەڵام لە بەشێک لە شارەکاندا هێشتا زەوی بەسەر ئەو کەسانەدا دابەشنەکراوە کە فەرمانەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دەیانگرێتەوە، بەهۆی ئەوەی زەویی تەرخانکراویان نییە دابەشی بکەین." 
 
لەماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆردێکی پێکهێنا بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان. لەوبارەوە گوتەبێژەکەی وەزارەتی شەهیدان ئاماژەی بەوەکرد، "مانگی 11ـی 2023، شاندی وەزارەتی شەهیدان سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردووە و داوای سەرجەم بەڵگەنامە سەرەتایی و بەراییەکانی بریندارانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ئێران کردووە و چاوەڕوانی وەڵامی ئێرانین."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سوودانى: مەترسییەکانمان لەسەر عێراق دوورخستنەوە

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: حکومەتەکەى توانیویەتى مەترسییەکان لەسەر عێراق دوور بخاتەوە و داواى لە فەرماندە سەربازییەکانى نەینەوا کرد، جگە لە پیشەیی بوون مامەڵە بەهیچ پێوەرێکى دیکە نەکەن لە دابەشکردنى بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکاندا.