رووداو دیجیتاڵ
دەستەی کەشناسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، پێشبینیی شەپۆلێکی بارانبارین دەکات. گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراقیش دەڵێت، زۆرترین رێژەی بارانبارین لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025) عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لە بەشێکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەری بارانی لاواز و مامناوەند بە شێوەی پچڕ پچڕ هەیە، برووسکەشی لەگەڵدا دەبێت."
عامر جابری گوتی، "تاوەکو ئێستا پێشبینی لێزمەباران نییە، بەڵام شەپۆلەکە زۆرینەی ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە. زۆرترین رێژەی بارانبارین لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبێت و کەمترین رێژەش لە شارەکانی خوارووی عێراقدا دەبێت."
وەک گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق ئاماژەی پێدەکات، "پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکە تاوەکو رۆژی شەممە بەردەوام بێت، بەڵام پێشبینی ناکرێت پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزن."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، کەشى ئەمڕۆى ناوچەکە بە گشتى نیمچە هەور دەبێت، لە شەودا کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆى لاوازى دەریاى نێوەڕاست لەسەر ناوچە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییەکان بە شێوەى نمە بارانى پچڕپچڕ، دەردەکەوێت.
بۆ کەشوهەوای سبەی، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رادەگەیێنێت، "ناجێگیرى لە کەشى ناوچەکەمان بە تایبەت لەسەر ناوچە شاخاوییەکان دروست دەبێت، ئەگەرى هەورە تریشقە و نمەبارانى کەم لەسەر ناوچە جیاجیاکان هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ