رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکیى عێراق دۆسیەى بەفیڕۆدانى داهات لەلایەن کۆمپانیاى سۆمۆ دەکاتەوە و راوێژکارێکى وەزارەتی نەوتیش راپێچى دادگە دەکات، بە تۆمەتى ئەوەى بەهۆى کەمتەرخەمییەوە لە بارکردنى نەوتى هەناردەکراو، کۆمپانیاکە سزاى پێبژاردن دراوە؛ بڕیارە بەرپرسانى سۆمۆ لەسەر ئەو دۆسیەیە بانگهێشتى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمان بکرێن.
کردنەوەى ئەو دۆسیەیە لە دوای ئەوە هات کە پەرلەمانتارێکى عێراق دۆسیەى بەفیڕۆدانى داهاتی لەلایەن کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتی عێراق (سۆمۆ) رادەستى دەستەى دەستپاکى کرد کە بەهۆیەوە لە نێوان ساڵانى 2013 بۆ 2017 نزیکەى 500 ملیۆن دۆلار بەفیڕۆدراوە یان بەهۆى سزاى پێبژاردن بە کۆمیانیاکە زیان بەر داهات کەوتووە.
بڕیارەکەى دەستەى دەستپاکیى عێراق بۆ راپێچکردنى ئەو راوێژکارەى وەزارەتى نەوت لە 8ى کانوونى دووەم بووە بۆ بەردەم دادگەى لێکۆڵینەوەى رەسافەى تایبەت بە دۆسیەکانى دەستپاکى؛ ناوى ئەو بەرپرسە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام نووسراوە کە ئەو کەسە راوێژکارە بۆ کاروبارى بە بازاڕکردن و ستراتیژى.
ئەو هەنگاوەى دەستەى دەستپاکى دواى ئەوە هات کە لە 18ـی نیسانى 2022 سکاڵایەک لەلایەن عودەى عەواد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لەسەر کۆمپانیاى سۆمۆ تۆمارکرا لەبارەى ئەو دۆسیەیە و رادەستى دادوەرى لێکۆڵینەوەى دەستەى دەستپاکیی بەسرە کرا.
لەو سکاڵایەدا وردەکاریی بڕى پێبژاردنەکان بە خشتە دیاریکراون، کە لە نێوان ساڵانى 2013 بۆ 2017دان و بەگوێرەى نووسراوەکەى ئەو پەرلەمانتارە، لە نێوان ساڵانى 2013 بۆ 2017 کۆمپانیاى سۆمۆ بەهۆى دواکەوتنى پڕۆسەى هەناردەى نەوتەوە، 360 ملیۆن و 568 هەزار و 190 دۆلار سزاى پێبژاردن دراوە.
هەروەها کۆمپانیاى سۆمۆ بەهۆى پێبژاردنى دارایی و دواکەوتن لە گرێبەستەکان، لە پێنج ساڵدا 64 ملیۆن دۆلار و 204 هەزار و 283 دۆلار پێبژاردنى بۆ کراوە.
گوژمەیەکى دیکەی ئەو سزاى پێبژاردنە داراییانەى سەر کۆمپانیاى سۆمۆ بەگوێرەى نووسراوەکانى ئەو پەرلەمانتارە، پەیوەستە بە دواکەوتنى پرۆسەى هاوردەکردنى بەرهەمە نەوتییەکانەوە لە هەمان پێنج ساڵدا کە نۆ ملیۆن و 622 هەزار و 672 دۆلار بووە.
رۆژی 10ی کانوونى دووەمى 2023، خالید رێکانى، ئەندامى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند، دۆسیەى بەهەدەردانى پارە لەلایەن کۆمپانیاى سۆمۆوە هاتووەتە لیژنەکەیان و لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى لاوەکى لەسەر پێکهێندراوە کە پێنج پەرلەمانتار تێیدا ئەندامن.
خالید رێکانى گوتی، داوایان کردووە کە بەرپرسانى کۆمپانیاى سۆمۆ بانگهێشتى لیژنەى دەستپاکى بکرێن بەمەبەستى لێکۆڵینەوە و پرسیارکردن لەبارەى ئەو دۆسیەیە و لە دواى دەستپێکردنەوەى کارى پەرلەمان ئەو هەنگاوە دەنێن. گوتیشى: "قەبارەى ئەو پارەیەى کە بەهۆى ئەو کەمتەرخەمیەی کۆمپانیاى سۆمۆ بەهەدەرداوە گەورەیە، بەڵام بەدیارکراوى روون نییە چەندە."
بەگوێرەى سکاڵاکەى عودەى عەواد، کۆمپانیاى سۆمۆ لە ژێر بڕیارى دادگە ناچارکراوە کە پێبژاردنى دواکەوتن بدات بە چوار کۆمپانیا کە بریتین لە کۆمپانیاى جەرى سعودى (13 هەزار دۆلار)، کۆمپانیاى سەهل وادى رافیدەین (211 هەزار دۆلار)، کۆمپانیای ستار ئێنێرجى (658 هەزار دۆلار)، کۆمپانیاى زەهرە مەواسیم (200 هەزار دینار).
بەگوێرەى ئەو سکاڵایە لە ساڵانى 2016 و 2017 کۆمپانیاکانى ئامادەکار کە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتدا هەیە، بڕى یەک ملیۆن و 952 هەزار و 368 دۆلار سزاى پێبژاردنى دارایی دراون، بەڵام ئەو بڕە پارەیە لەلایەن سۆمۆوە وەرنەگیراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ