سوودانى بۆ وەزیرى بەرگریى ئەمریکا: نابێت بێ رەزامەندى حکومەتى عێراق کاردانەوەتان هەبێت

09-12-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن محەممەد شیاع سوودانی
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەکەی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریی داوەتە وەزیری بەرگری ئەمریکا لەوەی کە نابێت بەبێ رەزامەندی حکومەتەکەی هێرشی سەربازی لەنێو خاکی وڵاتەکەی ئەنجام بدەن.
 
9ى کانوونى دووەمى 2023، نووسینگەى رۆژنامەڤانیى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە راگەیێندراوێکدا نێوەڕۆکی پەیوەندیى تەلەفۆنى نێوان سوودانى و لوید ئۆستن، وەزیرى بەرگریى ئەمریکای بڵاوکردەوە کە شەوى رابردوو کردبوویان.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باسیان لەو ھێرشە مووشەکییە کردووە کە 8ى کانوونى یەکەم کرایە سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا و جەختیان لە گرنگی رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هێرشی لەو جۆرە کردووەتەوە.
 
رۆژی هەینی، بە دوو مووشەک هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، گوتەبێژی باڵیۆزخانەکە بەرپرسیاریێتیی هێرشەکەی خستە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران و داوای لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد لێکۆڵینەوە بکات.
 
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سوودانى هۆشدارى داوەتە وەزیرى بەرگریى ئەمریکا بەوەى کە نابێت واشنتن هێرشی سەربازی بێ رەزامەندى حکومەتى عێراق بکات و نابێت رووداوی هاوشێوەی ئەوەی جورف سەخریش دووبارە بێتەوە.
 
رۆژی 22ـی تشرینى دووەم، سوپاى ئەمریکا بارەگاى هێزێکى حەشدى شەعبی لە ناحیەى جورف سەخرى سنوورى بابل کردە ئامانج و بەو هۆیەوە نۆ چەکدارى ئەو گرووپە کوژران.
 
محەممەد شیاع سوودانى لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەختى لە پابەندییەکانى حکومەتەکەى کردووەتەوە بۆ پاراستنى نێردە دیپلۆماسییەکان و ئەوانەى لە چوارچێوەى نێردەى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژی داعش و دامەزراوەکانى کار دەکەن و گوتی، "هێزە ئەمنییەکان تواناى ئەوەیان هەیە ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە لەو هێرشانەدا گلاون و سزایان بدەن، ئیدی هەر کەسانێک بن".
 
رۆژی پێنجشەممە 7-12-2023 سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە 78 هێرش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا؛ 37ـیان لە عێراق و 41یـان لە سووریا، کە بە هۆیانەوە زیاتر لە 60 سەرباز و راوێژکاری ئەمریکی بە سووکی بریندار بوون؛ هەروەها بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری رۆژئاوای عێراق، بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا.
 
لە بەرامبەریشدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەند جارێک گرووپەکانی نزیک لە ئێرانی لە سووریا و عێراق بۆردوومانکردووە، لەوانەش لە 3ـی کانوونی یەکەم، ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردە سەر پێگەیەکی هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو لە نزیک کەرکووک و لە ئەنجامدا پێنج چەکداری ئەو گرووپانەی کوشت.
 
ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا جێگیرکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سوودانى: مەترسییەکانمان لەسەر عێراق دوورخستنەوە

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: حکومەتەکەى توانیویەتى مەترسییەکان لەسەر عێراق دوور بخاتەوە و داواى لە فەرماندە سەربازییەکانى نەینەوا کرد، جگە لە پیشەیی بوون مامەڵە بەهیچ پێوەرێکى دیکە نەکەن لە دابەشکردنى بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکاندا.