زیاتر لە 6 ملیۆن زیارەتکار بۆ عاشوورا چوونەتە کەربەلا

09-08-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو- هەولێر 

جێگری پارێزگاری کەربەلا ژمارەی زیارەتکارانی رێوڕەسمی عاشوورای لە پارێزگاکە راگەیاند و دەڵێت، زیاتر لە 17 هەزار کەسی بیانی لەڕێگەی فڕۆکەخانەکانەوە و بۆ ئەو مەبەستە چوونەتە عێراق. 
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 9-8-2022، عەلی مەیالی، جێگری پارێزگاری کەربەلا رایگەیاند، ژمارەی زیارەتکاران لە رێوڕەسمی عاشووردا لە کەربەلا گەیشتووەتە زیاتر لە شەش ملیۆن کەس و لە کاژێرەکانی داهاتووشدا ئاماری ورد لەو بارەوە رادەگەیێنن.
 
جێگری پارێزگاری کەربەلا دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان زیاتر لە 20 کامێرای گەرمیبینیان لە پارێزگاکەدا داناوە و ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ رووداو و پێشێلکردنێکی ئەمنی رووینەداوە. 
 
هاوکات دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی بڵاویکردەوە، بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی عاشوورادا زیاتر لە 17 هەزار کەسی بیانی چوونەتە نێو وڵات و 12 هەزار و 150 کەسیان لە فڕۆکەخانەی نەجەف و پێنج هەزار و 500 کەسیشیان لە فڕۆکەخانەی بەغداوە دابەزیوون.
 
عاشوورا دەیەم رۆژی مانگی موحەڕەمە لە ساڵی کۆچیدا. بە گوێرەی تۆمارە مێژووییەکان، لە ساڵی 61ی کۆچیدا حوسێنی کوڕی عەلی و ژمارەیەک لە کەسوکار و یاوەرانی لە شەڕی کەربەلا کوژران، بۆیە ئەو رۆژە رۆژی شین و ماتەمگێڕانە لای پەیڕەوانی شیعە مەزهەب و ساڵانە یادی دەکەنەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە