بەرپرسێکی پێشووی هەواڵگریی عێراق: سەدام حوسێن پێشنیازی کوشتنی خومەینی رەتکردەوە

09-05-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی بەشی ئەمریکا لە دەزگای هەواڵگریی عێراق لە سەردەمی حیزبی بەعس، باس لە ژمارەیەک دۆسیەی پەیوەندیدار بە هەوڵی کوشتنی خومەینی، خامنەیی و کوشتنی محەممەد باقر سەدری مامی موقتەدا سەدر دەکات و دەڵێت: "لە دەزگای هەواڵگریی عێراق پێشنیازی کوشتنی خومەینی کرا لە نەجەف، بەڵام سەدام رەتیکردەوە."

لە بەشی یەکەمی هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعودی، سالم جومەیلی، بەرپرسی بەشی ئەمریکا لە دەزگای هەواڵگریی عێراق (سەردەمی حیزبی بەعس) ژمارەیەک دۆسیەی نهێنیی دەزگاکەی هەڵداوەتەوە.
 
"سەدام  کوشتنی خومەینی رەتکردەوە"
 
سالم جومەیلی باس لە رووداوەکانی پێش رووخانی شای ئێران و هاتنی خومەینی بۆ عێراق دەکات و دەڵێت، "لە ناوەڕاستی شەستەکان خومەینی هات بۆ عێراق، سەرەتا چالاک نەبوو، لەدوای شۆڕشی تەممووزی 1968 عێراق هەڵوێستی دژی بەرامبەر بڕیاری شای ئێران بۆ لەخۆگرتنی سێ دوورگەکەی ئیمارات وەرگرت، محەممەد رەزا پەهلەویی شای ئێران هێزەکانی بە ئاراستەی سنووری عێراق وەکو کارتێکی گوشار و هەڕەشە جووڵاند، خومەینی سەربازە ئێرانییەکانی بۆ یاخیبوون و جێبەجێنەکردنی فەرمانەکانی شا هاندا، پێیوابوو نابێت موسڵمان موسوڵمان بکوژێت، شا پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی عێراق کرد و ئێمەش پشتیوانیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانمان کرد، رێگەمان بە خومەینی دا گرووپەکەی بهێنێت و پاسپۆرتمان بۆ دەرکردن و مۆڵەتی رادیۆیەکمان پێدان و دەستی بە چالاکیی سیاسی کرد."
 
بە گوتەی سالم جومەیلی، "لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کەسێک بەناوی عەلی باوە بۆ هاوئاهەنگی کردن لەگەڵ خومەینی راسپێردرابوو، ئەو بەشداریکردبوو لە دامەزراندنی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکان، کە دواتر بووە دەزگای هەواڵگری، باوە هەموو جۆرە پشتیوانییەکی پێشکێشی خومەینی کرد، کە خومەینیش چەندین جار سوپاسگوزاریی خۆی لە رێگەیەوە بۆ سەرکردایەتیی عێراق نارد."
 
ئەو سەرکردەیەی پێشووی حیزبی بەعس کە دیارنییە لەکوێ هەڤپەیڤینەکەی لەگەڵدا کراوە، دەشڵێت، "دوای رێککەوتنی جەزائیر لە ساڵی 1975، ئێران پشتیوانییەکانی بۆ جووڵانەوەی کوردی راگرت، لە مەرجەکان ئەوە هەبوو چالاکییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە عێراق رابگیرێت، سەرنجی خومەینی بۆ پێویستیی رەچاوکردنی دۆخی نوێ و رێزگرتنی مەرجەکانی پەیوەندیی لەگەڵ ئێران راکێشرا، رازی نەبوو، دواتر زێدەڕۆیی دەکرد، پێمانڕاگەیاند کە پێویستە عێراق بەجێبهێڵیت، هەوڵی دا بچێت بۆ کوێت و لە ناوچەیەکی سنووریی گیری خوارد، دواتر دەسەڵاتدارانی عێراقی بڕیاری گەڕانەوەیان دا بۆ نەجەف."
 
سەبارەت بە هەوڵی تیرۆرکردنی خومەینی، سالم جومەیلی گوتی: "شڵەژانێک هەبوو لە بابەتی خومەینی و پەیوەندیی لەگەڵ ئێران دروست بوو. دوای ئەوەی دەرکەوت زەحمەتە وەڵامدەرەوە بێت یان کۆنترۆڵ بکرێت، لە یەکێک لە کۆبوونەوەکان ئەفسەرێک پێشنیازی کوشتنی خومەینی و دانەپاڵی ئەو کارەی بە مەرجەعی ئایینی ئەبو قاسم خوئی کرد، واتە کوشتنەکە بدرێتە پاڵ ئەو، بەڵام سەرۆک نە بە کوشتنەکە رازی بوو، نە بە رادەستکردنی بە هەواڵگریی شا و گوتی: هەواڵگریی نازانێت ئەو میوانی عێراقە؟"
 
"خومەینی گوتی کار بۆ رووخاندنی رژێمی بەعس دەکات"
 
سالم جومەیلی، بەرپرسی بەشی ئەمریکا لە دەزگای هەواڵگریی عێراق (سەردەمی حیزبی بەعس) لە هەڤپەیڤینەکەیدا باسی قۆناخێکی دیکە دەکات، کە قۆناخی چوونە دەرەوەی خومەینی بوو لە عێراق و دەڵێت: "لەو کەشەدا خومەینی چووە پاریس، سەدام دەیویست نیازەکانی خومەینی بۆ قۆناخی داهاتوو بزانێت، بەتایبەت دوای ئەوەی رژێمی شا ئەملا و ئەولای دەکرد، سەرۆک عەلی باوەی راسپارد بۆ ئەوەی بچێت بۆ پاریس، باوە پرسیاری لە خومەینی کردبوو کە چی دەکات ئەگەر رژێمی شا بکەوێت و دەگەڕێتەوە بۆ ئێران؟ وەڵامەکەی زۆر یەکلایی بوو بەوەی لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لەپێشترێتیی کارەکانی خستنی رژێمی بەعس دەبێت لە عێراق، سەدام گوێی لە راپۆرتی نێردراوەکەی گرت و بۆی دەرکەوت کە رووبەڕووبونەوە یەکلاییە، ئەگەر خومەینی بگەڕێتەوە بۆ تاوان و ئەوەش ئەگەرێکی زۆرە."
 
هەروەها دەڵێت: "شا رۆیشت و خومەینی گەڕایەوە، رەوتە ئیسلامییەکانی شیعە لە عێراق خێرابوونەوە لە هاوسۆزی و کارلێک، خومەینیش هانی مەرجەعی عێراقی محەممەد باقر سەدری دا بۆ راگەیاندنی شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق، ئەو کەشە لە رقلێبوونەوە لە دەسەڵاتدارانی عێراق، لەپشتەوەی ئەو هەراسانکردنانە بوو، کە ئێران لە رێگەی بریکارەکانییەوە دەیکرد، بەتایبەت هەوڵی کوشتنی تاریق عەزیز و سەعدوون حەمادی و چاندنی بۆمب، ئاماژەکانی رووبەڕووبوونەوە خێرابوون، بۆیە فڕۆکەوانێکی ئێرانیمان زیاتر هێشتەوە کە فڕۆکەکەی لە ئاسمانی عێراق خرایە خوارەوە پێش سەرهەڵدانی شەڕ، وەکو بەڵگەیەک لەسەر ئەوەی ئێران بەکردەیی دەستپێشخەریی بۆ شەڕ کرد."
 
"بۆمبێکی چێنراو خرایە نێو سەرینی خومەینی"
 
ئەو بەرپرسەی هەواڵگریی عێراق باس تێکچوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و خومەینی دەکات و دەشڵێت: "کاتێک شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران سەرکەوت، کە تێکەڵەیەکی لە هێز و دامەزراوە لاوازەکانی لەخۆدەگرت، خومەینی کودەتای لەسەر موجاهیدی خەڵق کرد و ژمارەیەک سەرکردەی لێ لەسێدارەدان، سەرباری ئەو رۆڵەی لە خستنی شا هەیانبوو، شەڕ دەستیپێکرد و پێویست بوو فاکتەرە پێویستەکانی هێز کۆبکەینەوە و رووبەڕووبوونەوەکە بەبێ رێکخستن دەستیپێکرد، موجاهیدی خەڵق ئەندامی شارەزا و تووند و خاوەن ئەزموون لە کاری سەربازی و ئەمنی هەبوو، ریشەشی لە کۆمەڵگە هەبوو، پەیوەندیی پێشینەشمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئێران هەبوو، ئەو پەیوەندییانە وایانکرد گورزی کەمەرشکێن لە رژێمی ئێران بدەین." 
 
هەروەها باسی هەوڵەکانی کوشتن دەکات و گوتی، "دەزگای هەواڵگری هەموو شێوازێکی لە پشتیوانیی میدیایی و هونەری و مادی و سەربازیی خستە بەردەستی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران و موجاهیدی خەڵق. ئامانجی یەکەم ئەنجوومەنی شورای ئێران و بە سەرپەرشتیی راستەخۆی بەرزان تکریتی بوو، پلانێک بۆ بۆمبڕێژکردنی شوێنی کۆبوونەوەکە دانرا و رۆژی 28ـی حوزەیرانی 1981 جێبەجێکرا و ئایەتوڵڵا حوسێن بەهەشتی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و 72 سەرکردایەتی کوژران، لەنێویاندا وەزیران و بەرپرسانی کەرتە جیاوازەکان هەبوو، گورزێکی گەورە و تووند بوو، دەرکەوت دەزگای هەواڵگریی عێراق دەتوانێت بگاتە ئەو شوێنانەی گوایە پارێزراون."
 
ئەو بەرپرسە هەواڵگرییە باسی عەلی خامنەییش دەکات و دەڵێت، "رێبەری ئێستای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، عەلی خامنەیی ئەویش لەنێو ئەو کەسانەدا بوو کە کرانە ئامانج، لە کاتی گوتارێکدا بۆمبێکی چێنراو لە ئامێری تۆمارکردنی دەنگ تەقییەوە و بووە هۆی ئیفلیجبوونی دەستی راستی، بڕیاربوو خومەینیش لەو کۆبوونەوە بێت، بەڵام دواکەوت و رزگاری بوو."
 
سەبارەت بە رۆڵی بەرزان تکریتی لە کردنە ئامانجی سەرکردەکانی ئەو کاتەی ئێران، زیاتر دەڵێت: "بەرزان تکریتی چاوی لە وەشاندنی گورزی گەورە بوو، کە ئەویش کوشتنی خومەینی بوو لە ساڵی 1981، ئەگەری جێبەجێکردنی پڕۆسەی لەو جۆرە روونبووەوە، بەڵام گەیشتن بە خومەینی ئاسان نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا لە بوونی پیاوێکی ئایینی لە نزیکییەوە و رەنگە لەگەڵ موجاهیدی خەڵق هاوسۆز بێت کارەکەی ئاسان کرد، تیمێک لە دەزگای هەواڵگری بۆمبێکی بچووکیان لە نێو سەرینەکەی خومەینی دانا، کە لە تووکی ئاژەڵ بوو، بەڵام بۆمبەکە لە وادەیەکی هەڵەدا تەقییەوە و خومەینی ئەو کات لە دەرەوەی ماڵەکەیدا بوو، بەڵام هەر گەیشتن بە ژووری نووستنەکەی جۆرێک لە ترسی لەنێو سەرکردەکانی شۆڕشی ئیسلامی دروستکردبوو، دەزگا شەڕی مان و نەمانی دەرکرد و هەموو گورزەکانیش رێگەپێدراوبوون."
 
مامی سەدر بە قسەی خومەینیی نەکرد
 
لەبارەی پرسی پەیوەندیی نێوان محەممەد باقر سەدر، مەرجەعی شیعە و مامی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە هەڤپەیڤینەکەدا، سالم جومەیلی باسی لەوە کردووە، "دوای سەرکەوتنی شۆڕشی خومەینی لە ساڵی 1979، کاریگەریی محەممەد باقر سەدر لە نێوەندی سیاسیی شیعەی بەرهەڵستکاری رژێمی بەغدا زیاتر بوو، روون بوو خومەینی هانی سەدری دەدا بۆ بەرپارکردنی شۆڕشێکی ئیسلامی بۆ ئەوەی رژێمی بەعس بکەوێنێت."
 
جومەیلی دەڵێت: "سەدر خۆی بە بەشێک لە ناکۆکیی نێوان دوو دەوڵەت و شەڕێک دۆزییەوە، کە خومەینی کاری بۆ دەکرد، سەدر وەڵامی نەدایەوە و ئاستێکی زۆری ناڕازیبوونی نیشاندا، خومەینی نامەیەکی نهێنیی بۆ سەدر نارد و داوای لێکرد دەست بە کارکردن بۆ دەستپێکردنی شۆڕشێکی ئیسلامی بکات، کاتێک وەڵامی نەدایەوە، رادیۆی ئێران هەواڵی نامەکەی بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی وەکو بەڵگەیەک بیدەن بە دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەبوونی نامەی نهێنی لەنێوان ئەو دوو پیاوە، رەنگە ئامانجی خومەینی سڕینەوەی سەدر بووبێت، چونکە پشتیوانی لە پڕۆژەکەی نەکرد، سەدر دواتر ناوەڕۆکی نامەکەی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران ئاشکراکرد دوای بڵاوکردنەوەی لە رادیۆی ئێران."
 
هەروەها باسی دوورکەوتنەوەی سەدر و خومەینی دەکات و دەڵێت: "لە نیسانی 1980، سەدر یەکێک لە پیاوانی نزیک لە خۆیەوە بە ناوی شێخ (ع.خ) بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرزان تکریتی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نارد و داوای لە یەکێک لە بەڕێوەبەرانی گشتی کردبوو پێشوازی لەو پیاوە بکەن، ناوەڕۆکی نامەکەی سەدر ئەوەبوو کە سڵاوی بۆتان هەیە و دەڵێت: دەستبەرداری کاری سیاسی و حیزبی دەبێت و خۆی بۆ زانست و نووسین تەرخان دەکات و داوای پارێزگاری لە ژیانی دەکات، نامەکەی سەدر پرسیاری زۆری دروستکرد بەتایبەت لەبارەی ئەو لایەنەی سەدر پێیوایە هەڕەشە لەسەر ژیانی دروست دەکات، لە کامیان نیگەران بوو، دەزگای هەواڵگریی عێراق یان ئێران، دەزگای هەواڵگریی عێراق جێهێشتنی نەجەف بۆ بەغدای خستە بەردەمی سەدر بۆ پارێزگاریلێکردنی و رێگەدان بە خۆی و موریدان و لایەنگرانی بۆ ئەوەی سەردانی بکەن." 
 
هەروەها دەڵێت، بەرزان تکریتی نامەیەکی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار نارد کە لە ناوەڕۆکەکەی ئەمانە هاتبوو:
 
- سەدر جیاوازە لە مەرجەعە کلاسیکییەکان و لەگەڵیان دژە و رێڕەوێکی تایبەتی لەگەڵ زانست و زانیاری هەیە.
 
- ئینتیمای نەتەوەیی خۆی ناشارێتەوە و شانازیی پێوەدەکات.
 
- باوەڕی بە ویلایەتی فەقیە نییە و باوەڕی بە شورایە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
 
- ئەگەر سەدر بکوژرێت یان لەسێدارەبدرێت، ئەوا بۆچوونەکان بەردەوام دەبێت و وەکو بۆچوونەکانی سەید قوتبیان لێدێت، کە لەنێوان ساڵی 1966 تاوەکو 1980دا 45 جار چاپکرایەوە.
 
- دەزگای هەواڵگری پێشنیاز دەکات سەدر بپارێزرێت و پێداویستییەکانی ژیانی و بارەگای و مانەوەی لە نەجەفەوە بۆ بەغدا دابینبکرێت و کۆنترۆڵی چالاکی و پەیوەندییەکانی بکرێت و رێگە بە لایەنگرانی بدرێت سەردانی بکەن.
 
سالم جومەیلی سەرسوڕمانیی خۆی بەر لە کوشتنی محەممەد باقر سەدر نیشان دەدات و دەڵێت: "ئەوەبوو لە ناوچەی سەلمان پاک بارەگایەکی نوێ بۆ سەدر کرایەوە و سەدام نووسراوەکەی بینی و رەوانی دەزگای گشتیی ئاسایشی کردبوو بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆیانی لەسەر بدەن، دەزگای هەواڵگریی تووشی سەرسوڕمان بوو، کە بۆ رۆژی دواتر سەدر لەلایەن دەزگای گشتیی ئاسایشەوە بانگکرا و کوژرا و جەختی لەسەر کوشتنی کردبووە و رۆژی 9ـی نیسانی 1980 کوژرا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە