راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووداو: کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەمساڵەوە دەستپێدەکات

08-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند عێراق و ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان گەیشتوونەتە رێککەوتن و پێش کۆتایی ئەم ساڵ ژمارەیەک لە هێزەکانیان لە عێراق دەکشێنەوە و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 سەرجەم هێزەکان دەکشێنەوە.
 
سەبهان مەلا جیاد، راوێژکاری سیاسیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە گوتووێژەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا گەیشتووین بە رێککەوتن بەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و لەسەروویانەوە هێزەکانی ئەمریکا، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 لە عێراق بکشێنەوە."
 
گوتیشی "بەپێی ئەو رێککەوتنەی پێیگەیشتووین، کشانەوەکە پێش کۆتایی ئەم ساڵ دەستپێدەکات، بەڵام ژمارەیەکی کەم لە هێزەکان دەست بە کشانەوە دەکەن، دواتر بە چەند کاروانێک تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، هەموویان دەکشێنەوە."
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، عێراق و وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کار بۆ بەستنی رێککەوتنی دوو قۆڵیی ئەمنی لەنێوانیان دەکەن و، پەیوەندییەکان فراوانتر دەبێت و تەنیا بواری سەربازی ناگرێتەوە.
 
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو چەک و کەرەستانەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکە و بارەگانیان لە عێراق بەجێیدەهێڵن، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت "ئەو چەک و کەرەستانە، بۆ هێزەکانی عێراق دەمێننەوە."
 
ئەو لێدوانە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2024) سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق بە کەناڵی عەرەبییەی راگەیاند رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق بە دوو قۆناخ دەبێت، یەکێکیان ئەمساڵ 2024 دەستپێدەکات و، تاوەکو ساڵی 2025 بەردەوام دەبێت، قۆناخی دووەمیش ساڵی 2026 کۆتایی پێدێت.
 
هەروەها ئەوەشی گوت؛ ئەمریکا داوای مۆڵەتی مانەوەی ساڵێکی دیکەی کردووە و پێیوایە دوو ساڵ بەس نییە بۆ کشانەوە، بەڵام عێراق رەتیکردووەتەوە.
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق هەن، هەروەها 900 سەربازیش لە سووریان لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرهەڵدانەوەی داعش.
 
لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی 2011، کە لە ساڵی 2003 بۆ رووخانی رژێمی سەدام حوسێن هاتبوونە وڵاتەکە، جارێکی دیکە لە ئەیلوولی 2014، ئەو هێزانە لەسەر داوای عێراق گەڕانەوە. 
 
رۆژی 5-1-2020، دوو رۆژ دوای کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بە مووشەکی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، پەرلەمانی عێراق، بەبێ ئامادەبوونی کورد و سوننە و بە دەنگی تەنیا 168 پەرلەمانتار لەکۆی 329 پەرلەمانتار بڕیارێکی دەرکرد بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق.
 
بۆ تاوتوێکردنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئەمریکا و عێراق لیژنەیەکی باڵای سەربازییان پێکهێناوە، تاوەکو ئیستا ژمارەیەک کۆبوونەوەیان کردووە، رۆژی چوارشەممە 24-07-2024، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند "لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە واشنتن، دووەمین کۆبوونەوەی دیالۆگی هاریکاریی ئەمنیی هاوبەش لەنێوان ئەمریکا و عێراقیان بەڕێوەبرد. دوو وەزیرەکە پابەندبوونی خۆیان بە هاوکاریی ئەمنیی و بەرژەوەندیی هاوبەشیان لە سەقامگیریی ناوچەکە دووپاتکردەوە." 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە