وەزارەتی دادی عێراق لەبارەی ژنە ڤلۆگەر (ئوم لوول): خۆی بریندار کردووە و ئەشکەنجە نەدراوە

16-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى دادى عێراق رەتیکردەوە ئوم لوول لە گرتووخانەدا ئەشکەنجە درابێت و دەڵێت، "مۆبایلێکى ئایفۆنى بۆ دزەپێکراوەتە ناو گرتووخانە، لەکاتى لێسەندنەوەیدا شکاندوویەتى و دەستى بریندار کردووە، بۆئەوەى هەرا بنێتەوە."
 
ئەو روونکردنەوەى وەزارەتى دادى عێراق دواى ئەوە بوو کە تاریق شەرع، پارێزەرى ئەو ژنە ڤلۆگەرە عێراقییە رایگەیاند، "ئوم لوول لە گرتووخانە ئەشکەنجە دراوە."
 
بەگوێرەى وەزارەتى دادى عێراق، مۆبایلێکى جۆرى ئایفۆن پرۆماکس بە نهێنی براوەتە زیندان بۆ ژنە ڤلۆگەرەکە، ئەمەش پێچەوانەى یاسایە و لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەسەر دزەپێکردنەکە پێکهێندراوە، بەڵام رەتیکردووەتەوە مۆبایلەکە رادەست بکات و شکاندوویەتى، دەستیشی بە سووکى بریندار کردووە، بۆئەوەى "هەرا بنێتەوە."
 
هەدیل خالید، ناسراو بە ئوم لوول، ڤلۆگەر و کەسی دیاری سۆشیاڵ میدیا، لە 23ى نیسان بە تۆمەتى بڵاوکردنەوەى بابەتى نەشیاو بە چوار مانگ بەندکردن سزا درا، دواتر لە 30ى ئایار بە تۆمەتى گواستنەوەى مادەى هۆشبەر سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا، بەرلەوەى دادگەى تێهەڵچوونەوە سزاکە هەڵبوەشێنێتەوە، بۆئەوەى جارێکى دیکە دادگەیی بکرێتەوە.
 
وەزارەتى دادى عێراق وێنەى مۆبایلەکەى ئوم لوولی بە شکاوى بڵاوکردووەتەوە، ئاماژەى بەوەش داوە، "ئەو بەندکراوە تەندروستیى باشە و هیچ مەترسی و دەستدرێژییەک نییە لەسەر ژیانى وەکو ئەوەى بڵاوکراوەتەوە."
 
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لیژنەى لێکۆڵینەوەکەیان ئەو کەسانەى ئاشکرا کردووە کە ئاسانکارییان کردووە بۆئەوەى ئەو مۆبایلە بۆ ئوم لوول ببرێتە ژوورەوە. رێوشوێنى یاسایى دژى هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە دەستیان تێیدا هەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە