نووری مالیکی بۆ رووداو: دەبێت رێککەوتنی بەغدا و هەولێر جێبەجێ بکرێت

08-04-2023
سۆران حوسێن
لێدوانی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ رۆژنامەڤانان
لێدوانی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ رۆژنامەڤانان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا کۆبوونەوە. سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە بە رووداوی گوت، قسەی لەگەڵ "هاوڕێیان" کردووە و ئەوانیش گوتوویانە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێن، کار بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی تایبەت بە هەناردنەوەی نەوت بکرێت. 
 
رۆژی شەممە 8ـی نیسانی 2023، نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە نووری مالیکی پرسی، 'ئایا ئێوە پشتگیری لە رێککەوتنی نوێی تایبەت بە نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا دەکەن؟'
 
لە وەڵامدا سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتی: "ئەوە هەر ئەو رێککەوتنەیە کە واژۆکراوە. ئەوەی دەمێنێتەوە جێبەجێکردنیەتی بەو شێوەیەی رێککەوتنی لەبارەوە کراوە و پێدەچێت تاوەکو ئێستاش جێبەجێ نەکرابێت. من قسەم لەگەڵ هاوڕێیان کرد و گوتیان بە سەرۆکوەزیران دەڵێن، تاوەکو کار بۆ جێبەجێکردنی بکرێت لەبەرئەوەی بە رێککەوتن و سازشی هاوبەشی هەردوولا کراوە." 
 
مالیکی گوتی: "بەوپەڕی دڵخۆشی و خۆشحاڵییەوە پێشوازیم لە برام نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد؛ پێکەوە هەموو مێژوو و پەیوەندی و دۆخی وڵات و ناوچەکەمان تاوتوێكرد، وەک هەمیشە پێشتریش سەبارەت بە ئێمە زانراوە، هەمیشە هەڵوێستەکانمان یەک و هاوئاهەنگن؛ هاوڕاین لەسەر خستنەڕووی ئاڵنگارییەکان و دابینکردنی چارەسەرە پێویستەکان. ئێمە لەوێوە دەستمان پێکرد کە پێمان وایە دەبێت هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی چارەسەر بکرێن و سوپاس بۆ خودا تێبینی بەرەو پێشچوونێكی گەورە و ویستێكی گەورەم لای بەڕێز نێچیرڤان کرد لە درێژەدان بە پەیوەندییەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان لە پێناو سەقامگیری هەرێم و سەقامگیری عێراق." 
 
نووری مالیکی گوتی: "بەبێ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان عێراق سەقامگیر نابێت و بەبێ سەقامگیری عێراقیش هەرێمی کوردستان سەقامگیر نابێت، ئەوە راستییەکە ئێمە پێی گەیشتین." 
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتیشی: "هیچ شتێكی دیکە جگه لە رێککەوتن لە بەردەمماندا نییە و بەرژەوەندییەکانمان ناچار بەرێكکەوتنمان دەکەن. سوپاس بۆ خودا سەردانێک بوو لە رووی هەڵوێست و پابەندبوونەکان، سەرکەوتوو بوو." 
 
لەبارەی کۆبوونەوەی نووری مالیکی و نێچیرڤان بارزانیی، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوایین پێشهاته‌كانی دۆخی سیاسیی عێراق و ئاڵنگارییه‌كانی قۆناخه‌كه‌ و هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكومه‌تی فیدراڵیی عێراقیان تاوتوێ کرا؛ هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیی ته‌بایی و هاریكاریی هاوبه‌ش له‌نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراقدا كرده‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی سه‌ختییه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی وڵات به‌ گیانێكی به‌رپرسیارانه‌ی نیشتمانی." 
 
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و تاوتوێكردنی دۆخی دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بووە.
 
کۆبوونەوە و دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەردەوام دەبێت و بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بەشداری بەربانگێک بکات کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە ئامادە دەکرێت.
 
ئەمساڵ ئەمە دووەم سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بۆ بەغدا، کاتێک پێشتر رۆژی 21-1-2023، سەردانی بەغدای کردبوو، بەڵام یەکەم سەردانیەتی دوای رێککەوتنی 4ـی نیسانی 2023ـی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە