رووداو دیجیتاڵ
د. بەرهەم ساڵح لەبارەی هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، پێویستە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو "خراپەکارانەدا" یەک هەڵوێست بن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 07-11-2021 بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. لەو بارەوە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە دا، "ئەو دەستدرێژییە تیرۆریستییەی کە سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردە ئامانج، دەستدرێژییەکی مەترسیدار و تاوانێکی گەورەیە دژی عێراق و پێویستە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو خراپەکارانەی کە سەقامگیریی وڵات و ئاسایشی خەڵک دەکەنە ئامانج یەک هەڵوێست بین".
لە بەشێكی دیکەی تویتەکەدا سەرۆککۆماری عێراق دەنووسێت، "ئێمە ناتوانین ئەوە قبووڵ بکەین کە عێراق پەلکێشی پشێوی و کودەتا دژی دەستوور بکرێت".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو چەند خولەکێک پێش هێرشەکە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوە کە هێرش دەکرێتە سەر ماڵەکەی ، بۆیە ئاگاداربووە و توانیویەتی رزگاری بێت.
دوای هێرشەکە، مستەفا کازمی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر، هەموولایەکی دڵنیاکردەوە کە تەندروستیی باشە و لە تویتێکدا نووسیوویەتی: "پێشتر و ئێستاش پرۆژەی گیانفیدایی بووم بۆ عێراق و گەلی عێراق، مووشەكەكانی ستەمكاری ئیمانداران سڵ ناكاتەوە، و موویێكی ھێزە ئەمنییە قارەمانەكانمان نالەرێنێتەوە لە مكوڕی و سووربوونیان بۆ پاراستنی ئاسایشی خەڵك و بەدیھێنانەوەی ماف و دانانەوەی یاسا بۆ سەر رێچكەی خۆی".
دوا بە دوای هێرشەکە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد، هەروەها عەلی شەمخانی، سکرتێری باڵای ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رووداوەکەی بە "ئاژاوەیەکی نوێ" ناوبرد و داوای بەدواداچوونی بۆ کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "ئەو هەوڵە شکستخواردووە بۆ تیرۆرکردنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شوێنی نیشتەجێبوونی لەبەغدا کرایە ئامانج سەرکۆنە دەکەم".
لە راگەیێندراوێكیدا، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە چاودێری هەواڵی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکەی سەر ماڵی نیشتەجێبوونی سەرۆکوەزیرانی کازمی دەکەین و هەستمان بە ئارامی کرد کاتێک زانیمان کە ئەو زیانی پێنەگەیشتووە".
هەروەها موقتەدا سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند: "ئەم کارە تیرۆریستییەی، کە لایەنێکی باڵای وڵاتی کردە ئامانج، بە ئامانجکردنێکی روون و راشکاوە بۆ عێراق و گەلەکەی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ