پەرلەمانی عێراق بۆردوومانەکانی ئێران تاوتوێ دەکات

08-10-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بۆردوومانەکانی ئێران بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان بڕگەیەکی کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراقە. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پەرلەمان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات ئاشکرای بکات ئایا سەروەریی عێراقی پێ دەپارێزرێت یان نا؟ جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانیش دەڵێت، "پێشبینی ناکرێت پەرلەمان هەڵوێستی تووند بەرامبەر بۆردوومانەکانی ئێران بگرێتەبەر." 
 
پێش ئەم کۆبوونەوەیە کە 125 پەرلەمانتار واژۆیان بۆ کۆکردووەتەوە، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان میوانداری چەندین فەرماندەی ئەمنی و سەربازی عێراقی کرد سەبارەت بە بۆردوومانەکانی ئێران کە مانگی رابردوو بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کردە ئامانج.
 
سەگڤان یوسف، جێگری دووەمی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، رۆژی هەینی 07-10-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەکەمان دوای میوانداریکردنی ئەو فەرماندانە راپۆرتێکی ئامادە کرد و لە کۆبوونەوەکەدا دەخرێتەڕوو." 
 
سەگڤان یوسف گوتیشی: "هاوپەیمانەکانی ئێران لە پەرلەمانی عێراق زۆرن؛ بۆیە پێشبینی ناکرێت پەرلەمان بتوانێت هەڵوێستی تووند بەرامبەر بۆردوومانەکانی ئێران بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان بنوێنێت، دواجار پەرلەمان هەر دەتوانێ بۆردوومانەکان سەرکۆنە بکات." 
 
رۆژی 28ی مانگی رابردوو، ئێران لە رێگەی دەیان مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشی کردە سەر بارەگای هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری کۆیە، پردێ و زڕگوێز؛ بەهۆیانەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
هاوکات، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "پەرلەمان رۆژی شەممە داوای هەڵوێست لە حکومەتی عێراق دەکات؛ بۆیە دەبێ حکومەت بڵێت سەروەریی عێراقی پێ دەپارێزرێت یان نا؟ چونکە ئەگەر ناتوانێت بیپارێزێت، دەبێ داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەین ئەو کارە بکات." 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "ئەگەر حکومەتی عێراق بیەوێت، دەتوانێ سوود لە رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ واشنتن وەربگرێت دژی بۆردوومانەکانی ئێران." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی دوای تەقینەوەکە.

لە بێجی تەقینەوەیەک روویدا و چوار ئەندامی بنەماڵەیەک گیانیان لەدەست دا

ئێوارەی ئەمڕۆ لە قەزای بێجی سنووری پارێزگای سەلاحەدین، تەقینەوەیەک روویدا و بەهۆیەوە چوار ئەندامی بنەماڵەیەک گیانیان لەدەست دا و سێی دیکەش بریندار بوون.