رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە دوو کۆبوونەوە گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی شەممە 06-05-2023 رایگەیاند، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر بۆ بەشداریکردن لە دوو کۆبوونەوەی نائاسایی وەزاریی ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی کە رۆژی یەکشەممە 07-05-2023 کۆمکاری عەرەبی میوانداری دەکات.
سەبارەت بە وردەکاریی ئەو دوو کۆبوونەوەیە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، "پەرەسەندنەکانی سوودان و گەڕانەوەی سووریا بۆ کورسیی کۆمکاری عەرەبی تاوتوێ دەکرێن، لەژێر رۆشنایی زیادبوونی خواستی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەوەی سووریا بگەڕێتەوە نێو جیهانی عەرەبی و کورسییەکەی لە کۆمکاری عەرەبی پێ بدرێتەوە."
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە 15ی نیسانەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد دەگەلۆ ناسراو بە حەمدوک، بەردەوامە. تاوەکو ئێستا چەند جارێک ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام زۆریش پێشێلکراوە. لە دەستپێکی شەڕەکەوە لانیکەم 550 کەس کوژراون و 4962 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا زیاتر لە 113 هەزار کەس بەهۆی شەڕەوە لە سوودان هەڵاتوون و چوونەتە وڵاتانی دیکە و زیاتر لە 300 هەزار کەسیش ئاوارە بوون. نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان ببنە هۆی دەربەدەربوونی 800 هەزار کەس و دەڵێت، ناچار دەبن روو لە وڵاتانی وەکو سوودانی باشوور و چاد بکەن.
رۆژی دووشەممە 01-05-2023 لە عەممانی پایتەختی ئوردن، وەزیرانی دەرەوەی عێراق، ئوردن، سعودیە، میسر و سووریا بۆ تاوتوێکردنی پرسی سووریا کۆبوونەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "عێراق هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات دەکاتەوە کە داوای گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی دەکات. دەبێت دۆخی سووریا بە رێگەی سیاسی چارەسەر بکرێت و ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتە بەهێز بکرێت."
رۆژی 14ی نیسانی 2023 وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسە باڵاکانی شەش وڵاتی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، کە هەریەکە لە بەحرێن، کوێت، عومان، قەتەر، سعودیە و ئیماراتن، لەگەڵ هەریەک لە عێراق، میسر و ئوردن لەسەر داوای سعودیە لە شاری جەدەی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.
یەکێک لە مژارە گەرمەکانی کۆبوونەوەکە گەڕانەوەی سووریا بوو بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی، کە لە ساڵی 2011 لە کۆمکارەکە دەرکرا.
رۆژی 12-04-2023 لە دوایین ئاماژەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان دیمەشق و وڵاتانی ئەندام لە کۆماری عەرەبیدا، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی جەدەی کرد، ئەوەش بووە یەکەم سەردانی وەزیرەکەی سووریا بۆ سعودیە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا.
فەیسەڵ میقداد و هاوتا سعودیەکەی باسیان لە "هەنگاوی پێویست" کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە پەراوێزخستنی دیمەشق، ئەوەش بەگوێرەی راگەیێندراوی لایەنی سعودی.
رۆژی 13-04-2023 سەرۆکوەزیرانی قەتەر هیوای گەڕاندنەوەی سووریای بۆ کۆمکاری عەرەبی تاڕادەیەک کاڵ کردەوە. شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی، "هیچ شتێک پێشنیاز نەکراوە؛ هەمووی قسە و باسە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ